وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم خەرجی وەزارەتەکانی راگرت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم خەرجییەکانی ساڵی دارایی ٢٠٢١ راگرت، جگە لە مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە و خەرجییەکانی پاککردنەوە و خواردن، راگرت.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە (١٠٩٤٦)ی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ ی کانوونی یەکەم دەرچووە و واژۆی وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیار دراوە بە راگرتنی سەرجەم خەرجییەکانی ئەم سا. ئەم راگرتنەی خەرجیش، بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵی دارایی ٢٠٢٢ و دیاریکردنی هەلی گونجاو بۆ یەکە ژمێرییەکانی بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێرکارییەکان، گەیاندنیان بە وەزارەت، وەزارەتی دارایی ئەم بریارانەی دەرکرد:
 
1- راگرتنی سیستمی ئۆنلاین لە رێکەوتی دەرچوونی ئەو رێنماییە تاوەکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی / 2022.
 
2- راگرتنی گشت خەرجییەک لە رۆژی 16-12-2021 بۆ ساڵی دارایی 2021 (جگە لە مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە و خەرجییەکانی پاککردنەوە و خواردن).
 
3- راگرتنی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە.
 
4- ئەم راگرتنە تەمویلکردنی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە.
 
5- لە رێککەوتی دەرچوونی ئەم رێنماییەوە، هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان نەکرێت.
 
6- ئەو نووسراوانەی کە فەرمانی خەرجکردنی وەزارەتمانیان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / بەڕێوەبەرایەتیی خەرجییەکان، کە ئاراستەی گەنجینەکان دەکرێت و رێککەوتی دەرکردنیان دەکەوێتە پێش 16-12-2021 جێبەجێ دەکرێت و راناگیرێت. ئەو نووسراوانەی کە داخڵی سیستەم کراون و کاریان لەسەر نەکراوە، لە ساڵی نوێدا کاریان لەسەر دەکرێت.
 
7- ئەم رێنماییە لە رۆژی 16-12-2021 کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.



PM:03:03:09/12/2021