دایکی شنیار داوا لە مەسرور بارزانی دەکات کە بە فەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەی بکات

مەعسومە شەهید جەلیل دایکی شنیار لەسەر بڵاوکراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و  داوا لە مەسرور بارزانی دەکات کە بە فەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەی بکات.

مەعسومە شەهید جەلیل لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەرگیز وەکو کچە شەهیدێک بەخەیاڵیشمدا نەدەهات ڕۆژێک لەخەو هەڵسم ببینم سەرۆکی حوکمەتی هەرێم، ئەو حوکمەتەی بە خوێنی باوکی من و هەزاران شەهیدی تر هاتۆتە بەرهەم، دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ کچەکەم". 

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی چەند ساڵێکە لە میدیاکانەوە وە لەتۆڕە کۆمەڵایەییەکانەوە، بەتایبەتی میدیای پارتی، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کچەکەم، وەک بەشێک لە ئازادی ڕادەربڕین وەرمان گرتوەو هێچ هەڵوێستێکمان نەبوە، بەڵام کاتێک کورەزایەکی موستەفا بارزانی دەسەڵات و هێزی حوکمەتەکەی بەکاردەهێنێت بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کچەکەم و تۆمەتی ئەخلاقی بۆ هەڵدەبەستێت ئیتر ناتوانم بێدەنگ بم، چونکە ئەوەی مەسرور کردی بەعس پێی نەکردین. 

ڕاشیگەیاند" ئێستا وەکو کچە شەهیدێک داوا لە مەسرور بەرزانی دەکەم کە بەفەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەم بکات، کە نەوەی شەهیدە، پاشان داوای لێبوردن لە هەمو خەڵکی کوردستان بکات، چونکە ئەو هێرشە بۆ سەر شنیار نیە بەتەنیا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەرجەم ژنان و هەرتاکێک بیەوێت بە ئازادی بژی، وە ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە  دەبێت دەستبەجێ  لەمیدیاکانیەوە دژی کچەکەم ڕابگرێت، بە پێچەوانەوە وەک کچە شەهیدێک بێدەنگ نابم. وە ئەگەر زەرەیەک ڕێزی کەسوکاری شەهیدانیان لەلایە ئەوە کەمترین شتە کە ئێمە داوای دەکەین". 

پەیامێک لە دایکی شنیار بۆ مەسرور بەرزانی:

هەرگیز وەکو کچە شەهیدێک بەخەیاڵیشمدا نەدەهات ڕۆژێک لەخەو هەڵسم ببینم سەرۆکی حوکمەتی هەرێم، ئەو حوکمەتەی بە خوێنی باوکی من و هەزاران شەهیدی تر هاتۆتە بەرهەم، دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ کچەکەم. 
کە کچەکەم تەنها تاوانی ئەوەیە حەق دەڵێت، 

من کچی شەهید جەلیلم، یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول و مەفرەزە پارتی زانیەکان ئەو شەهید جەلیلەی کە دۆستی نزیکی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم و خودی بارزانیش بوە، ئەو شەهید جەلیلەی کەلەگەڵ هاوڕێکانی لە سلێمانی کە بۆسەیان بۆ زەعیم سدیقیان نایەیەوە تەقەیان لێکرد. بەهۆی ئەوەی خەڵکی سلێمانی هەراسان کردبوو.

ئەو شەهید جەلیلەی کەلە ماڵەکەی ئێمەدا ئامادەکاریەکانی مەفرزە پارتیزانیەکانی شۆڕشی ئەیلول دەکرا، هەر لەماڵی ئێمە کە من تەمەنم ٨ ساڵ بو، کاری گواستنەوەی نامە نهینیەکانم دەکرد، لەگەڵ ست ئەنجومی عەبدوڵا زوهدی بەیاننامە نهێنیەکانیان لە ماڵی ئێمە چاپ دەکرد، من کچی ئەو شەهید جەلیلەم کەهەرگیز نەم ویستوە باسی بکەم و خوێنەکەی بۆ خۆبردنە پێشەوە بەکاربهێنم، چونکە ئەو پێی دەوتین کە ئەو لە پێناو ئایندەی کوردستان و نەوەکانی خەبات دەکات. 

ئێستاش نامەکانی و یادەوەریەکانی ماوە کە باس لەوەدەکات ئەگەر ئەوان خۆشیان بەخت بکەن بەرهەمەکەی نەوەکانی ئایندە وەک شنیاری کچم لە سایەی بحەسێنەوە، کە ئەویش ژیانێکی ئازادانەو دادگەرانەیە. 

بەڵام ئەوکاتەی باوکم بۆدواجار ماڵی بەجێهێشت، گەورەی مالەکە من بوم کەتەمەنم ٨ ساڵ بو، خوشکە بچوکەکەم تەمەنی تەنهاچل شەو بو ، برا تاقانەکەم لە بێشکەدا بو، بەڵام باوکم ئەرکە سیاسیەکەی هێندە لا گرنگ بو خەونی هێندە گەورەی بۆ کوردستان هەبو کە ماڵی بەجێهێشت ئاوڕی نەدایەوە،ئەو پێشتر لە دەیان شەری کۆڵان بەکۆڵان کەرکوک و سلێمانی و داستانەکانی شوان و چەمی رێزان، دەشتی گەرمیان دا سەرکەوتنی تۆمارکردووە،  ئەو لە تۆمارکردنی داستانێکی قارەمانانە لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کەرکوک لە روبەروبونەوەیەکی خوێناوی لەگەڵ سوپای عێراق شەهید کرا، هەر لە کەرکوک بەخاک سپێردراوە.

ئێستا کە ئەبینم مەسرور بارزانی، کە کوڕەزای موستەفا بارزانیە، کە ڕۆژانێک هاوخەباتی باوکم بوە، بەهۆی ناوبانگی باپیریەوە بۆتە سەرۆکی حوکمەت، باوکی منیش سەرکردەیەک دیار بوو شەهید بوو، ئێمەش لە ژێر هەڕەشەی سیاسی بەردەوامی بەعس دا گەورەبوین، شنیاری کچم کە بە بە ئەخلاقێکی باڵاوە پەروەردەم کردوە، خاوەن شکۆیەکی ئەوەندە بەرزە، کەس نەیتوانیوە پەنجەی بۆ ڕابکێشێت وە کچەم بەتوانای خۆی خاوەنی بڕوانامەی ماجێستەرەو ئێستاش لەیەکێک لەهەرە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمەریکا لەسەر توانای خوێ ئەخوێنێت، ئەگەر بەخەبات بێت، کچەکەی من باپیری سەرکردەیەک بوە وە شەهید بوە وەفەزلی زیاتری لە مەسرور بارزانی بەسەر ئەم خاکەوە  هەیە، بەڵام ئێمە هەرگیز خوێنی باوکمان بۆ خۆبردنە پێشەوە بەکارنەهێناوە و ئەمە یەکەمجارە باسی ئەکەم. 

ماوەی چەند ساڵێکە لە میدیاکانەوە وە لەتۆڕە کۆمەڵایەییەکانەوە، بەتایبەتی میدیای پارتی، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کچەکەم، وەک بەشێک لە ئازادی ڕادەربڕین وەرمان گرتوەو هێچ هەڵوێستێکمان نەبوە، بەڵام کاتێک کورەزایەکی موستەفا بارزانی دەسەڵات و هێزی حوکمەتەکەی بەکاردەهێنێت بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کچەکەم و تۆمەتی ئەخلاقی بۆ هەڵدەبەستێت ئیتر ناتوانم بێدەنگ بم، چونکە ئەوەی مەسرور کردی بەعس پێی نەکردین. 

ئێستا وەکو کچە شەهیدێک داوا لە مەسرور بەرزانی دەکەم کە بەفەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەم بکات، کە نەوەی شەهیدە، پاشان داوای لێبوردن لە هەمو خەڵکی کوردستان بکات ، چونکە ئەو هێرشە بۆ سەر شنیار نیە بەتەنیا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەرجەم ژنان و هەرتاکێک بیەوێت بە ئازادی بژی، وە ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە  دەبێت دەستبەجێ  لەمیدیاکانیەوە دژی کچەکەم ڕابگرێت، بە پێچەوانەوە وەک کچە شەهیدێک بێدەنگ نابم. وە ئەگەر زەرەیەک ڕێزی کەسوکاری شەهیدانیان لەلایە ئەوە کەمترین شتە کە ئێمە داوای دەکەین.

مەعسومە شەهید جەلیل
( دایکی شنیار ئەنوەر) 
١١ دیسەمبەری ٢٠٢١


PM:06:32:11/12/2021