کاتی دادگاییکردنى بکوژى هیشام هاشمى دواخرا

بڕیار بوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پرۆسەی دادگاییكردنی بكوژی سه‌ره‌كی هیشام هاشمی شاره‌زا و چاودێری بواری ئه‌منی و سیاسی بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگایکردنەکە دواخرا. 

ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاری دا دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژی هیشام هاشمی بۆ ٢٨ی مانگی شوباتی داهاتوو دوابخات. 

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق شەوی ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ئەو روداوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی عێراق و ناوەندە زانستی و رۆژنامەنوانییەکانی لێکەوتوەتەوە و ئیدانەی ئەو رەفتارەیان کرد. 

هاوکات ڕۆژی ١٦ی تەمووزی ئه‌مساڵ و دوای نزیكه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كوژرانی ناوبراو، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كه‌ی ئه‌و پسپۆڕه‌ ئه‌منییه‌ی راگه‌یاند، پاشان دانپێدانه‌كه‌ی له‌ رێی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه‌.


PM:02:38:14/12/2021