دەربارەی دەستپێکردنەوەی لێبڕینی مووچە ڕوونکردنەوە دەدرێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو لێدوانەیدا كە باس لە ئەگەری بڕینی (٢٠٠) ملیارەكەی بەغداد دەكات و دەڵێت" من وتومە ئەگەر (٢٠٠) ملیارەكە ببڕدرێت حكومەتی هەرێم هیچ بیرۆكەیەكی نییە، یان مووچە دەبڕێت یاخود شێوازێكی تر لە پاشەكەوتی مووچە دەهێنێتە ئاراوە".

لە ڕوونكردنەوەیەكدا زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند" لە چەند پەیجێك و لە سۆشیاڵ میدیا هێرشی نارەوا دەكرێتە سەرم كە گوایە من لێدوانم لەبارەی بڕینی (٢٠٠) ملیار دینارەكەی مووچەی هەرێم داوەو بەچەندین شێوە داڕشتنی جۆراو جۆری بۆ كراوە". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە راستیدا من لە لێدوانێكدا وتومە ئەگەر (٢٠٠) ملیارەكە ببڕدرێت بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیرۆكەیەكی نییەو یان مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت یاخود شێوازێكی تر لە پاشەكەوتی مووچە دەهێنێتە ئاراوە، كەهیوادارین هیچ كات ئەو حاڵەتە دروست نەبێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێشتر ئەوە ڕوویداوەو هەركات حكومەتی هەرێم لە قەیراندا بوبێت بە مووچەی فەرمانبەران قەیرانی چارەسەر كردووە، یان دواخراوە، یان بڕدراوە.


PM:03:04:24/12/2021