وەزیری تەندروستی هەرێم: تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی توشبوون بە ئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە، بەڵام ئەو گەشتیارانەی دەگەڕێنەوە دەبێت وەك گومانلێكراو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەوامە و تیمەكان بۆ هەر شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر و دەبێت خۆیان بۆ شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا ئامادە بكەن".

ئەوەشی خستەڕوو، پشكنیەكان بۆ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا بۆ ئەو كەسانەی كە سەردانی هەرێم بەردەوامە و خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە، بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی لەو وڵاتانەی تێیدا تۆمار كراوە و دەگەڕێنەوە وەك گومان لێكراو سەیریان دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەبێت لە سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ناچاری و ئەو فەرمانبەرانەشی وەریناگرن دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی بۆ فەرمانگەكەی ببەنەوە. 

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا وەزیری تەندروستی هەرێم داوای لە هاوڵاتییان کرد، کە هەست بە بەپرسیارێتی بکەن خۆیان و خێزانەکانیان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن. 


PM:03:34:25/12/2021