خه‌لیلزاد: با كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی‌ پێشووی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق، دەڵێت: ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی‌ عێراق نه‌یانتوانی‌ حكومه‌تێكی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتیمانی‌ پێكبهێنن به‌جۆرێك سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندبن، عێراق دابه‌ش ده‌بێ.

ئاشكراشی كرد هه‌رێمی‌ كوردستان له‌چاو ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق جیاوازه‌ و توانیویانه‌ هه‌رێمه‌كه‌یان بپارێزن،هه‌روه‌ها زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی‌ عێراقی‌ ناوچه‌كانی‌ تر کە ئاوارەی هه‌رێم بوون ده‌پارێزن.

خەلیلزاد له‌ وتارێكیدا له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز بڵاوی كرده‌وە، داواكانی‌ كوردستان  لۆژیكییه‌، چونكه‌ توانیویانه‌ جیاوازیه‌كی‌ زۆر له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق له‌روی‌ گه‌شه‌سه‌ندن و سه‌قامگیری‌ دروست بكه‌ن.
 
له‌ به‌شێكی تری ئه‌و وتاره‌ی خه‌لیلزاددا هاتووه‌: كورده‌كان مه‌رجیان هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر له‌گه‌ڵ به‌غدا كار بكه‌ن مه‌رجه‌كانیشیان بریتین له‌مافی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت و گەڕانەوەی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌م ماوه‌یەی‌ رابردودا پێشمه‌رگه‌ ئازادی‌ كردن، لەگەڵ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ بودجه‌و به‌رگریكردنی‌ خۆیان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق داواكاریه‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێ نه‌كرد، كورده‌كان ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆیان راگه‌یاند، پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ئه‌مه‌ریكا ئه‌و واقیعه‌ نوێیه‌  كه‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه‌ قبوڵ بكه‌ن.



PM:04:03:14/07/2014