وەزارەتی پێشمەرگە لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بارەی  کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق باسی لەوەکرد مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەگرنگ و پێویست دەزانن.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا مان بە پێویست زانیوە هەم لە ڕووی پاڵپشتی توانستی و لۆجستی و ڕاوێژکاریەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرستانی داعش و هەموو تیرۆرستان".

وتیشی  "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات تەنها هێزە شەڕکەرەکان دەکشێنەوە کە خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆرە هێزە شەڕکەرەکانی وڵاتی ئەمریکا ژمارەیەکی کەمیان لە ناو خاکی عێراقدا ماون کە بەشداریان لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە مەیدانی جەنگدا سنوردار بوە و ئەوە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی فیدراڵ بوون کە لە مەیدانی جەنگدا بەشداری فراوانیان کردووە لە لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "ئێستا بە هاوکاری و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بەهێزتر بوون و زیاتر ئامادەی ڕوو بەڕوو بوونەوەی تیرۆرستانن و هێزەکانی ئەمریکا وەکو ئەرکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتی لە عێراق دەمێننەوە کە ئەمە لەم کاتەدا زۆر بەهادارتر و پر ئەنجامتر دەبێت و یارمەتی و پاڵپشتی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشچونی ئەم هێزانە".



AM:10:20:03/01/2022