چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، لە سەر شێوازی پیشاندانی
گیراوانی پیرە مەگرون لە میدیاکاندا بەو
ڕەنگە جلو بەرگەوە هاتە دەنگ و ڕەخنە دەگرێت.
ئەمڕۆ چوار شەممە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، کارزان
عبدالفازیل، چالاکوان لە بواری مافەکانی مرۆڤ لەسەر شێوازی پشاندانی گەنجە
گیراوەکانی پیرە مەگروون بەو ڕەنگە جلو بەرگەوە هاتە دەنگ و لە وتارێکدا سەبارەت
بە ڕەنگی جلو بەرگی گیراوەکان ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت " بەپێی لێدوانەکەی ئاسایش دەڵێت ڕەنگی ئەو جلوبەرگانە بەپێی ستانداردی
نێودەوڵەتیە، ئێمەش دەپرسین ئەو ستانداردە کامەیە و لەکوێی بڕیاریی لێدراوە؟".
دەقی وتارەکەی چالاکوانی بواری مافی مرۆف، کارزان
عبدالفازیل بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:
سەبارەت بەم لێدوانەی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕەنگی
جلوبەرگی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەکەناڵەکانی
ڕاگەیاندنەوە پیشاندرا.
بەپێی لێدوانەکەی ئاسایش دەڵێت ڕەنگی ئەو جلوبەرگانە
بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتیە، ئێمەش دەپرسین ئەو ستانداردە کامەیە و لەکوێی بڕیاریی
لێدراوە؟ هەروەها دەپرسین ئەگەر ئەم ڕێکارە ستانداری نێودەوڵەتیە و حکومەت و دەزگای
ئاسایش ئیقراری کردوە، بۆچی لە گرتووخانەکانی
گرتن و گواستنەوە و چاکسازییەکانی هەرێم بۆ کاری پێناکرێت؟ خۆناکرێت تەنها لە ئاسایش
کاری پێبکرێت..
هەروەها دەپرسین بۆ چی ئەو هەموو ستانداردە نێودەوڵەتیە هەیە کە تایبەتن
بە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و مافەکانی تۆمەتباران بۆ هەموویان پێشێل دەکرێن بە ئاشکرا ڕۆژانە
دەیبینین!!.
دەبێت ئەوەش بزانین کە تۆمەتبار بەپێی جاڕنامەی
جیهانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتنامە تایبەتەکان بەمافی مرۆڤ و بەپێی دەستور عێراقی و یاسای
بنەما دادگەرییە سزای یەکان هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تۆمەتبار بێ تاوانە
تائەو کاتەی سزا دەدرێت لەلایەن دادگاوە، هەروەها سەرجەم ئەو بەڵگەنامانە جەخت لەکۆمەڵێک
میکانیزم دەکاتەوە بۆ پاراستن و دڵنیای زەمانەت بۆ پیادەکردنی مافەکانی تۆمەتبار،
دەبێت ئەوەش بزانین کە پیشاندانی تۆمەتباران و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانیان بێجگە
لەلای دادوەر و دادگا تایبەتەکان کارێکی یاسایی نیەو چەندین جاری تریش ئەوەمان ڕوونکردۆتەوە.
پارێزەری ڕاوێژکار
کارزان عبدالفازیل