جارێکی تر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کرایە ئامانجی مووشەکبارانی هێزە شیعەکان

ماوەی سێ رۆژە بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناو فڕۆکەخانەی بەغداو لە پارێزگای ئەنبار دەکرێتە ئامانجی میلیشیا شیعەکانی سەر بەئێران، ئەم ئێوەرایەش جارێکی تر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار کرایە ئامانجی مووشەکەکانی ئەو گرووپانە.

ئەمشەو کاتژمێر ٦:٤٥ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کرایە ئامانجی پێنج مووشەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بەپێی زانیاریە راگەیاندراوەکان مووشەکەکان لە دووری دوو کیلۆمەتر لە بنکەکەوە کەوتوونەتە خوارەوە زیانی نەبووە.

هەرچەندە بە درێژایی ئەو سێ رۆژە چەندانجار بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا کراونەتە ئامانج، بەلآم تا ئێستا زیانی گیانی لە نێو سەربازانی ئەمەریکاو هاوپەیمانانی بەدواوە نەبووە.

ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ دووەمین ساڵیادی دوو فەرماندەی شیعە، قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیس و، لەو رۆژانەدا شارە شیعەکان بە پایتەختیشەوە بەغدا، خۆپیشاندانی گەورە گەورەی بەخۆوە بینی و خۆپیشاندەران دروشمی دەرکردنی ئەمەریکایان لە عێراق بەرزکردبووەوە.

   
 

PM:08:39:05/01/2022