پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو کەسی بەتۆمەتی دزینی هەشت ئۆتۆمبێل ڕاگەیاند

دوو کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی فرت و فێڵکردن لە هاوڵاتییان و بردنی هەشت ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەولێر دەستگیرکران. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە رێکەوتی (2022/1/13) تاوانێکی فرت و فێڵ لەناو شاری هەولێر روویدا کەوا کۆمپانیایەک بەمەبەستی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل هەشت ئۆتۆمبێل لە جۆری (لاندگرۆزەر) لە هاوڵاتییان بردبوو، دوای ئاگادار کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان دەرچوو. 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر توانیان دوو تۆمەتباری سەرەکی بەناوەکانی (م. ا. ا.) و (ئـ. ع. چ.) کە تاوانەکەیان ئەنجام دابوو دەستگیر بکرێن لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی شەش ئۆتۆمبێل و فەرمانی دەست بەسەرداگرتنی دوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکە بڵاوکراوەتەوە بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنیان. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بەپێی مادەی (456) لە یاسای سزادان بۆ رێکخراوە، لەئێستادا بەپێی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر راگیراون. 


PM:06:20:15/01/2022