جاسەنە ۆرکشۆپێک لەسەر خۆپاراستنی رۆژنامەنووسان لە رووماڵی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان ساز دەکات

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا ئەمڕۆ شەممە ۆرکشۆپێکی لەبارەی چۆنێتی خۆپاراستنی رۆژنامەنووس لە روماڵی کێشەو نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا بۆ ژمارەیەک رۆژنامەنووسانی مەیدانی سلێمانی سازکرد.

کامیل عومەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە لەسەرەتای ۆرکشۆپەکەدا باسی پسپۆڕی و شارەزایی هەردوو ڕاهێنەر عومەر عەبدولقادر عومەر و دلۆڤان ئامێدی کرد، هەروەها سوپاسی پەیمانگای کوردی هەڵبژاردنی کرد کە هاوکار بوون لە دابینکردنی هۆڵ و پێداویستییە لۆجستییەکانی ۆرکشۆپەکەدا، هاوکات سوپاسی ڕۆژنامەنووسە ئامادەبووەکانیش و چەند ڕۆژنامەنووسێکی کرد کە یارمەتی جاسەنەیان داوە بۆ سازدانی ۆرکشۆپەکە. 

ئەو ورۆکشۆپە کە لەلایەن عومەر عەبدولقادر عومەر و دلۆڤان بەراوریەوە وترایەوە ١٧ رۆژنامەنووسی مەیدانی لە کەناڵە جیاجیاکانەوە بەشداریان کرد.

دوو راهێنەرەکە کە ساڵانێکە لە میدیا گەورە بیانییەکانی ئەمەریکا و ئەورپا کاریان کردووە، باسی ئەو بنەمایە کردەیی و تیۆریانەیان کرد کە پێویستە رۆژنامەنووسان پیادەی بکەن لەکاتی رۆماڵی رووداوەکاندا، لەوانە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە رۆژنامەنووس نابێت رسک بکات و خۆی ببێت بە بابەت، بەڵکو پێویستە هەمیشە ئەو راستیە بزانێت کە ئەو بۆ ئەركێک رۆشتووە کە گواستنەوەی رووداوەکەیە.

هەروەها هەردوو راهێنەرەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت رۆژنامەنووس ببێت بەلایەنگری هیچ بەرەیەک لە رووداوەکە، نە لایەنگری هێزە ئەمنییەکان بکات، نە لایەنگری خۆپیشاندەران، بەڵکو پێویستە پەیامنێر بابەتیانە مامەڵە بکات و پانتاییەک لە نێوان خۆی هەردوو بەرەدا جێبهێڵێت.

ئەو ۆرکشۆپە کە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند رۆژنامەنووسان جگە لە بەشداریکردنیان باسی چەندان حاڵەتیان کرد کە خۆیان لە کاتی رووماڵکردندا رووبەڕووی بوونەتەوەو تووشی کێشە هاتوون.

لە کۆتایی ورۆک شۆپەکەدا بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر پەیامنێرەکاندا دابەشکراو دوای تەواوبوونی ورۆک شۆپەکەش گفتوگۆی نێوان راهێنەران و رۆژنامەنووسان لەسەر رووماڵ و ئێتیکی رۆژنامەوانی تا درەنگانێکی ئێوارە بەردەوام بوو.
  
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا رۆژی ٦ ی ئایاری ٢٠٢١ مۆڵەتی فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان وەرگرتووە. رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە و، ئامانجی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و ئازادی سۆشیال میدیایە.

PM:10:06:15/01/2022