مەسرور بارزانی و پلاسخارت دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان کرد

ئەمڕۆ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و گفتوگۆیان دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرد.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کردووە.
 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەردوولا خوازیار بوون کە حکومەتی نوێی عێراق، حکومەتێک بێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بکات و ئاسایش و سەقامگیری دابین بکات، کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات".


PM:08:36:20/01/2022