وێنە.. هێرش دەکرێتە سەر چالاکوانێکی گەرمیان و بریندار دەکرێت

ئێوارەی دوێنێ دوای ئەوەی ئارامی مەلا نوری دەگەرێتەوە بۆماڵەوە، لە نزیک ماڵی خۆیان کۆمەڵێک کەسی نادیار بە دەمانچەو چەقۆ هەڵدەکوتنە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و برینداری دەکەن جێی دەهێڵن.

ئێوارەی دوێنێ شەممە ٢٦ ی شوبات لە لایەن چەند کەسێکی نادیارەوە هێرش دەکرێتە سەر ئارامی مەلا نوری لە نزیک ماڵی خۆیان وبە چەقۆ بریندار دەکرێت و دواتر جێیدەهێڵن، دوای ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە بەهۆی قوڵی برینەکانی بە ٥٥ تەقەڵ دەدورێتەوە.

لەوبارەیەوە کەسوکاری ئارام ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕایگشتی بڵاوکردووە تەو دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشیوەیە هاتووە.

 

راگەیاندراوێک بۆ رای گشتی

شەوی رابردوو، کاتژمێر ٧:١٣ خولەک، لە کەلار، لە کاتێکدا ئارامی مەلا نوری بە ئۆتۆمبێلەکەی، لە بازاڕەوە بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە، لە نزیک ماڵی خۆیان، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاپ دەبڵ، دەشکێنێتە سەری و رایدەگرن، پاشان چوار کەس، کە دەموچاویان بە تەواوی هەڵپێکراوە، بە راکێشانی دەمانچەو بە لێدان رایدەکێشن و، هەڵدەکوتنە سەری و چەندین چەقۆی لێدەدەن و جێیدەهێڵن و بە هۆی زۆری و قوڵی برینەکانیەوە، بە ٥٥ تەقەڵ دوراوەتەوە.

ئەم تاوانە هەرە نامەردانەو دڕندانەیە، لە کاتێکدایە ئارام هیچ کێشەیەکی تایبەتی لە گەڵ هیچ کەس و گروپ و لایەنێک نەبوەو نیەو، تەنها ئەوەیە بەردەوام وەک چالاکێکی مەدەنی، بە شێوەی جۆراو جۆر رەخنەی لە گەندەڵی و خراپی حکومڕانی گرتووەو لە چالاکییە جەماوەریەکاندا بەشداری کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، چەندین جار لە سەرچاوەی نادیارەوە هەڕەشەی لێکراوە.

 لێرەوە رایدەگەیەنین: ڤیدیۆیی کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە هەیەو، وەک ئەوەی لە تۆمارەکەدا دەرئەکەوێ، وا دیارە ئەنجامدەرانی تاوانەکە، کەسانی ئاسایی نین، بەڵکو گروپێکی رێکخراو و شارەزان لە پرۆسەی تاوانکاریدا.

لە ئێستاشدا، چاودێرو چاوەڕێی لێکۆڵێنەوەی دەزگا ئەمنیەکانین و، داواکارین هەرچی زووە ئەنجامدەرانی تاوانەکەو ئەو دەستە رەشەی، کە لە پشتێوەیە، بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێ.

 

کەسوکاری ئارامی مەلا نوری

٢٧ی ٢ی ٢٠٢٢



AM:10:25:27/02/2022