بكوژی ماریا باسی چۆنیەتی كوشتنی خوشكەكەی دەكات


(ئ، سامی) برای ئیمان سامی ناسراو بە ماریا، ئەو ژنەی دوو شەو لەمەوبەر لەلایەن براكەیەوە كوژرا، باسی چۆنیەتی كوشتنەكەی دەكات و دەڵێت "بە 9 فیشەك كوشتم".

(ئ، سامی) برای ئیمان سامی، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ كەناڵی كوردستان 24ی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد و وتی "من لە 1-3-2004 لەدایكبووم، 10 ساڵە باوكم و دایكم لەیەك جیابوونەتەوە، یەكەمجار من و ئیمان و برایەكی بچووكم لای باوكمان بوون تا ساڵێك، دواتر دایكم داوای دەكردین، بەڵام باوكم نەیدەهێشت، بۆیە لەڕێگەی قوتابخانە، دایكم رفاندینی".

برای ئیمان وتیشی "ساڵی 2018 ئیمان داواكاری هات و بەئارەزوومەندی خۆی هاوسەرگیری كرد، هەرچەندە باوكم رازی نەبوو، بەڵام هەر سوور بوو لەسەر هاوسەرگیرییەكە، ماڵی كوڕەكەش زۆر رێكوپێك بوون و ناسراوی ماڵی دایكم بوون".

ئەو برایەی ئیمان ئاماژەی بەوەكرد "كە خوشكم هاوسەرگیری كرد لە رانیە بوون، لەگەڵ مێردی پێكەوە نەدەنگونجان ئەوە بوو سێ تا چوار جار زویر بوون، چەند جارێكیش لە مێردەكەی دابوو، هەموو هەوڵێكمان دابوو بۆ چارەسەری كێشەیان، بەڵام سەرەنجام ساڵی 2019 جیابوونەوە و پەیوەندییان نەما و ئیمان هاتەوە لای باوكم، پاشان وتی دەچمەوە لای دایكم، ئیدی لەگەڵ دایكیشم نەدەگونجا و رۆیشتە ماوەیەك رۆیشتە سلێمانی تا 2019".

تۆمەتباری بكوژی ئیمان دەڵێت "ئیمان ئەو كاتەی لە سلیمانی بوو لە ماڵێك كە چەند كچێكی هەبوون دەمایەوە، ئیدی ساڵی 2020 گەڕایەوە هەولێر، لەهەولێریش لەگەڵ چەند كچێكی هاوڕێی بوون، شوێنی دیار نەبوو".

ئەو برایەی ئیمان وتیشی "منیش نەمدەزانی لە ماڵی دایكم نەماوە، برا بچوكەكەم پێی وتم لە ماڵەوە نەماوە، پاشان جارێك بینیم و بردمەوە ماڵی خۆمان لای باوكم، ئەوە بوو وتی ناتوانم لەگەڵ زڕ دایكم بژیم".

(ئ.سامی) ئاماژەی بەوەشكرد "هەفتانە 100 هەزارم پێدەدا ئەو پارەیەم لە باوك و دایكم دەسەند، ئەویش لە ماڵی باپیرم بوو، جارێكیش لەگەڵ مامم شەڕیان كردبوو، چوبووە ماڵی مامێكی دیكەم"، سەبارەت بە ئاین گۆڕینیشی وتی "دوو ساڵە باوەڕی بە هیچ ئاینێك نەمابوو".

بۆ چۆنیەتی كوشتنی خوشكەكەشی، ئەو برایەی وتی "زۆر تەحەمولم كرد، بەڵام ئیمان گوێڕایەڵ نەبوو، بۆیە پلانێكی كورتم دانا بۆ كوشتنی، وتم یان بێتەوە سەر رێگەی راست یان كوشتن".

هەروەها وتی "ئیمان تێلی بۆ كردم وتی بتبینم، لە كافتریا بینیم، بەشێوەیەكی ئاسایی قسەم لەگەڵ دەكرد، وتم برادەرێك چاوەڕێم دەكات كە مامم بوو ئوتومبیلی دووتەنی پێبوو، ئیتر نزیك ئوتومبیلەكە بووینەوە و بەناچاری خستمانە ناوی و لە ناوەند دانیشتبوو، پاشان لای كورسی سایەقەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە، منیش بەدوای دەمانچە گەڕام و رامكێشا و 8 بۆ 9 فیشەكم لێدا".






PM:11:23:08/03/2022