" سپی " هۆکاری دوورخستنەوەی ئەژی مەلا ئەمین لە سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری بڵاودەکاتەوە


هەرچەندە لە تەقینەوەی ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیدا، ئەژی ئەمین لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە کرایە بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری، بەڵام ماوەیەکە چیتر لەلای بافڵ تاڵەبانی ئەو کەسایەتییە ئەمنییە پەسەند نەماوە، کۆتایی ئەم هەفتەیەش لە پۆستەکەی دوورخرایەوە لەبری جەلالی شێخ ناجی دانرا. " سپی " هۆکاری لابردنەکەی بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لادانی ئەژی ئەمین، یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کوژرانی عەمید، موراد کانی کوردەیی و دوو پاسەوانی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیەوە لە پلانی دەستگیرکردنیان کوژران، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە زیاتر لەسەرچاوەیەکەوە دەست " سپی " کەوتووە، گوایە بافڵ تاڵەبانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ موراد کانی کوردەیی دەرکردووە، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی دەستگیرکردنەکەدا کە ٢٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بوو لە رانیە کوژراوە، ئەمەش خراوەتە ئەستۆی ئەژی ئەمین، هەرچەندە تا ئێستا ئەژی ئەمین هیچ زانیاریەکی لەو بارەیەوەو بەرپرسیارێتی لەو رووداوەدا رانەگەیاندووە.

هۆکارێکی تری لابردنی ناوبراو پەیوەندی بە کێشەی نێوان گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان و یەکێتییەوە هەیە کە هەرچی بافڵ تاڵەبانییە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو کۆمپانیایە پشکی یەکێتی تێدایەو دەبێت ( یەک) ملیار دینار بدات بەو حیزبە، هاوکات پشکەکانی کۆمپانیاش بەفەرمی بەرێژەی ٥١% بخاتەوە سەر ئیدارەی گشتی یەکێتی. ئەو زانیاریانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە دانیشتنەکانیاندا ئەژی ئەمین بەرگری لە کۆمپانیای قەیوان کردووە، هەندێک ناوەندی یەکێتیش باس لەوە دەکەن ئەو داکۆکییەکی ئەژی ئەمین لەو کۆمپانیایەی دەکات، هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوبراو پشکی لە کۆمپانیایەکەدا هەیە، لە بارەی ئەم کێشەیەوە، تا ئێستا نە کۆمپانیای قەیوان و نە ئەژی ئەمین هیچیان بڵاونەکردۆتەوەو بەفەرمیش هیچ لەسەر ئەم رووداوە لە یەکێتی یەوە بڵاونەکراوەتەوە.

"کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە لە ئەژی ئەمین"، ناوبراو بۆ ماوەیەک پێش تەقینەوەی کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی ئەو مونەسیقی دەزگای زانیاری بووە لە نێوان ئەمەریکییەکان و ئێرانییەکان، لەو دەمەوەو لە دواتریشدا ئێرانییەکان نیگەران بوون لە ئەژی ئەمین و بەلایەنەوە پەسەند نەبووە، لەسەردەمی باڵادەستی لاهور جەنگی لەناو یەکێتی و دەزگای زانیاری ناوبراو کەمێک پەرواێز خرابوو، ئێستاش بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت هەمان کار بکات، ئەمەش وەک زیاتر لەسەرچاوەیەک ئاماژەی بۆ دەکەن هۆکارێکی تری لادانی ناوبراوە لە پۆستی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری.
  
  



PM:09:54:12/03/2022