"قبوڵ ناکەین یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببێتە ناوەندێک بۆ پیلانگێڕانی دژی وڵاتەکەمان"

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایدەگەیەنێت" هەرگیز قبوڵى ناکەین یەکێک لە وڵاتانى دراوسێ ببنە مەترسى لەسەر وڵاتەکەمان". 

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی هێرشە موشەکییەکانى وڵاتەکەى بۆسەر هەولێر، رایگەیاند" ئێمە هۆشداریمان دابوو بە حکومەتی عێراق کە خاکەکەیان نەبێتە شوێنێکی پیلانگێڕی دژی وڵاتەکەمان".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێران چاوەڕوان دەکات عێراق ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان و چالاکى "تیرۆریستیان" لەسەر سنورەکان بوەستێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرگیز قبوڵ ناکەین یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببێتە ناوەندێک بۆ پیلانگێڕانی دژی وڵاتەکەمان.

بەرەبەیانی دوێنێ (١٢) مووشەكی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەكانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی باڵەخانەی نوێی كۆنسوڵخانەی ئەمریكی لە هەولێر كران و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستانیش بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکیەکەی خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران.


PM:12:55:14/03/2022