رزگار حاجی: وەك یەكێتی هەمیشە دەرگامان بۆ گفتوگۆ كراوەیە


ئەندامێكە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەمیشە دەرگایان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان كراوەیە و ئاماژەی بەوەشكردووە 90%ی ئەو لایەنانەی قسەیان لەگەڵدا كردوون دەنگ بە بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراق دەدەن.

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەندامی شاندی حیزبەكەی بۆ شاری بەغداد بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە "ئێمە و پارتی دوو هێزی سیاسی كوردستانین و یەك نەتەوەین ناكرێت هیچ كاتێك ئێمە بڵێین دەرفەت نامێنێت هەمیشە دەرگای دانوستان و گفتوگۆ دەبێت كراوە بێت، چونكە چارەنوسی میللەتەكەمان و چارەنوسی یەكێتی و پارتی و هەموو لایەنە سیاسیەكان دەبێت بەیەكەوە بێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەو كۆبونەوانەی شاندەكەی یەكێتی ئەنجامیداون لە90% لایەنە سیاسیەكانی عێراق بە سونە و بە شیعەوە پشتیوانی كاندیدی یەكێتی  دەبن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار".

سەبارەت بە كۆبونەوەكەی 26ی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت "ئەگەر پێكهاتن و ڕێكەوتنێكی سەقامگیر لەنێوان هەموو لایەنە سیاسیەكانی عێراق نەبێت دانیشتنەكە بەوە نەگات كە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێتەوە و ڕەنگە كۆتایی بەو ماوەیەش بێت كە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردێت، ئەوە عێراق دەخاتە دۆخێكی خراپەوە".

دەربارەی ئەوەش ئێستا نێوماڵی شیعە جۆرێك لە گفتوگۆی تێدایە، یەكێتی وەكو لایەنێكی سەرەكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی كەی دەست دەكەن بە گفتوگۆ و بەنیازن دەست بكەن بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تردا بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی؟

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "وەكو یەكێتی لەڕابردووش لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی تریش چ لەگەڵ لایەنە شیعیەكان وچ لەگەڵ سونیەكانیش و هەروەها لەناوخۆشماندا دەستپێشخەربووین بۆئەوەی یەكڕیزی نێوماڵی كوردیش ڕێكبخرێتەوە، بەڵام بەداخەوە پارتی تەنانەت لەو وەفدانەی لەسەرەتاشدا كە بەیەكەوە بووین، بەڵام ئەوان بەجیا هاوپەیمانێتی خۆیان كردوو و دەتوانم بڵێم ئەوان هۆكاری ئەوە بوون كە یەكڕیزی نێوماڵی كورد تێكبدەن".

سەبارەت بەوەی ئایا دەرفەت ماوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆ بكەن؟، ڕزگار حاجی حەمە وتویەتی "ئێمە دوو هێزی سیاسی كوردستانیین و یەك نەتەوەین ناكرێت هیچ كاتێك ئێمە بڵێین دەرفەت نامێنێت هەمیشە دەرگای دانوستان و گفتوگۆ دەبێت كراوە بێت، چونكە چارەنوسی میللەتەكەمان و چارەنوسی یەكێتی پارتی و هەموو لایەنە سیاسیەكان دەبێت بەیەكەوە بێت، بارودۆخی عێراق و بارودۆخی دنیا ئێستا گیروگرفت و كێشمە كێشم و گیروگرفتی زۆری تێدایە ناكرێت دەرگا دابخرێت و هەمووكاتێك گفتوگۆ كراوە دەبێت".



AM:09:54:17/03/2022