دوایین زانیاری لەبارەى چارەنووسی‌ قەرزی‌ هاووڵاتیان‌ و شایستەی‌ دارایی‌ موچەخۆران دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان زانیاری نوێ لەبارەى چارەنووسی‌ قەرزی‌ هاووڵاتیان‌ و شایستەی‌ دارایی‌ موچەخۆرانی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" حکومەت نزیکەی‌ دوو ساڵی‌ تەواوی‌ پارەی‌ مووچەخۆران قەرزارە". 

عومەر گوڵپی، ئەندامى پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" لە ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە تائێستا بەهۆی‌ خەرجنەکردنی‌ ژمارەیەک لە مووچەی‌ مانگەکان‌ و پاشەکەوت‌ و لێبڕینی‌ مووچە لە بەشێکی دیکەیان حکومەت نزیکەی‌ دوو ساڵی‌ تەواوی‌ پارەی‌ مووچەخۆران قەرزارە کە بڕەکەی‌ نزیکەی‌ (بیست و یەک ترلیۆن‌و شەش سەد ملیار) دینارە، لەو بڕە نزیکەی (هەشت ترلیۆن دینار)ی لە کابینەی نۆیەم بووە، ئەم بێجگە لە راگرتنی‌ لە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران بۆ ماوەی‌ شەش ساڵ دیار نییە حکومەت کەی‌ ئەو پابەندییەی‌ لەسەریەتی‌ بۆ هاوڵاتییانی‌ دەگێڕێتەوە؟".

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی‌ بڕگەکانی‌ (یەکەم و دووەم) لە مادەی‌ (١٣)ی‌ یاسای‌ ژمارە دووی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)ی‌ چاکسازی‌ لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان، پێویستە وەزارەتی‌ دارایی‌ ئەژمێرێکی‌ بانکی‌ بۆ مووچەخۆر و سودمەندان لە دارایی‌ گشتی‌ بکاتەوە لە پێناو زامنکردنی‌ شایستە داراییەکان و شایستە داراییە خەرجنەکراوەکان. 

راشیگەیاندووە" رێنماییەک دەربکات بۆ چۆنیەتی‌ مامەڵە لەگەڵ ئەژمێرەکە، تا مووچەخۆران بتوانن سود لەو پارانە وەرگرن لانیکەم بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ رسومات‌ و قەرزە جۆراوجۆرەکانی‌ دیکەی هاوڵاتییان وەک قەرزی‌ هاوسەرگیریی‌‌ و نیشتەجێکردن، بەڵام پاش (٢٠) مانگ لە وادەی‌ جیبەجێکردنی‌ یاساکە، تائێستا دیار نییە حکومەت کەی‌ ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات؟ تەنانەت ئەمەیان پارەشی‌ تێناچێت‌و کەمترین مافە بۆ مووچەخۆران‌ و فەرمانبەر و مامۆستایان‌ و خانەنشینان".

ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت بە هاندانی‌ داشکاندنی‌ لە (١٥%)، بەردەوامە لە وەرگرتنەوەی‌ پارەو قەرزەکانی‌ خۆی‌ لە هاوڵاتییان، بەڵام هیچ میکانیزمێک بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ هاوڵاتییان ناگرێتەبەر، بە مەبەستی‌ زانینی‌ هۆکاری‌ دواکەوتنی‌ ئەم میکانیزمەی‌ سودوەرگرتنی‌ هاووڵاتیان لەو قەرزو پارانەی‌ هاووڵاتیان لای‌ حکومەت هەیانەو کاتی‌ تەواوبوونی‌ ئەژمای‌ بانکی‌ بۆ سوودوەرگرتن لە قەرزەکانیان و وادەی‌ گەڕاندنەوەی‌ پارەی‌ پاشەکەوتکراوو لێبڕاوی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران‌ و مووچەخۆران. 

هەروەها پەلەمانتارەکەى کوردستان باس لەوەش دەکات، خستنەڕووی‌ پلان‌ و بەرنامەیان بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم پابەندییە داراییە، بە ژمارە (١٩٤) لە (٢٠ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢٢) داوای‌ ڕوونکردنەوەو زانیاریمان لە حکومەت کرد، بەردەوامیش دەبین لەم داوا ڕەوایە.


PM:07:20:17/03/2022