حکومەتی عێراق بەرنامەکەی ئەحمەد مەلا تەلاڵی راگرت


بەتۆمەتی ئەوەی سوکایەتی بە سوپای عێراق کراوە، سێشەممە حكوومەتی عێراق بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ئەحمەد مەلا تەلال لە  كەناڵێكی عێراقی قەدەغە كرد.

ئەمڕۆ سێ شەممە لە بەیاننامەیەكدا دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی عێراقی سەر بە حكوومەتی فیدراڵی ڕاگرتنی بەرنامەی "مەعە مولا تەڵاڵ"ی كەناڵی UTV راگەیاند.

دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردبووەوە كە هەریەك لە ئەحمەد مولا تەڵاڵ پێشكەشكاری تەلەڤزیۆنی لە كەناڵی UTVی عێراقی و ئەیاد تائی هونەرمەندی نواندنكاری عێراقی دەدەنە دادگا، بەهۆی ئەوەی سووكایەتیان بە سوپای عێراق كردووە.

لەو راگەیاندنەدا هاتووە" ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو لە بەرنامەی "مەعە مولا تەڵاڵ" دا، سووكایەتی بە سوپای عێراق كراوە و بە "سوپای گەندەڵكار" ناوی هێندراوە، وتبووشی كە ئەیاد تائی خۆی وەك ئەفسەرێكی سوپای عێراق ناساندووە و ئامادەی بەرنامەكە بووە، بەبێ ئەوەی بە بینەران رابگەیەنن كە ئەوان نواندن دەكەن و بەرنامەكە ڕاستینە نییە.

وەزارەتەكە رای گەیاندبوو بەهیچ شێوەیەك ئەم سنووربەزاندنەی بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكە قبووڵ ناكەن و هەموو ڕێوشوێنێكی یاساییان لەدژدا دەگرنەبەر.

تا ئەمڕۆ دەستەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی حكوومەتی فیدراڵی، دەمودەست راگرتنی پەخشی بەرنامەكەی راگەیاند و بڕیاریشی دا كە بەرنامەكە و كەناڵەكە ئەو بەشەی بەرنامەكە بسڕنەوە كە سووكایەتی بە سوپا كردووە و بەفەرمییش داوای لێبووردن لە سوپای عێراق بكەن.



PM:08:13:05/04/2022