ئەحمەد مەلا تەلال بە کەفالەتی کەسێتی ئازاد دەکرێت

لەسەر داوای یاسایی وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەحمەد مولا تەلال رۆژنامەنووسی ناسراوی عێراقی و هونەرمەند ئایاد تائی چوونە بەردەم دادگاو، لە دانیشتنەکەی دادگادا بە کەفالەتی شەخسی ئازادیان کردن.
 
مەلا تەلال و تائی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا هێرشیان کردبووە سەر دامەزراوەی سوپا و باسیان لەوە کردبوو کە مووچەخۆری " بن دیواریان " هەیە، لەبەرامبەر ئەو قسانە وەزارەتی بەرگری داوایی یاسایی لەسەر هەردووکیان تۆمار کردو ئەمڕۆ لە دادگای کەرخ لە بەغدا بە کەفالەتی شەخسی ئازاد کران.

ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە پێش دادگاکە لە گردبوونەوەیەکدا داوای ئازادکردنی مولا تال و ئایادیان دەکرد.
 
مەلا تەلال دوای دەرچوونی لە دادگا سوپاسی دادوەرەکان و ئەوانەی بەرگریان لێکرد راگەیاندو رێزی بۆ دامەزراوەی سوپا دوپاتکردەوەو وتی " بە داخەوە هەندێک ویستیان بەشێک لە قسەکانی ئێمە دژمان بەکاربهێنن".

مولا تەلال لە پۆستێکدا لە کاتی بەرزکردنەوەی داوا یاساییەکەدا لە دژی لە تویتەر نووسیبووی" برام ئایاد.. لە کاتێدا حکومەتەکەمان لێبوردن بۆ بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەردەکات، کەچی فشار دەخاتە سەر دادگا تا زیندانمان بکەن و بمان پشکنن".



PM:05:17:10/04/2022