لقی سلێمانی رۆژنامەنووسان سكاڵا لەسەر چەند دەزگایەكی میدیایی تۆمار دەكات


لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان سكاڵای یاسایی لەسەر چەند دەزگایەكی میدیایی تۆمار دەكات ئەویش بەهۆی "بڵاوكردنەوەی درۆ و بوختان بۆ ئەنجامدانی كۆرس رۆژنامەوانی بۆ چەند رۆژنامەنوسێك لە ئێران".

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "پاش ئەوەی چەند دەزگایەكی میدیایی لەسەر خولێكی رۆژنامەنووسی سلێمانی چەندین بوختان و دەلەسەیان بڵاوكردەوە، ئەمڕۆ  سكاڵای رەسمیان لەسەر ئەو دەزگایانە تۆماركرد".

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەكردوە "پاش ئەوەی خولێكی فێركاری سەركەوتوویان بە دوو كۆرس ئەنجامدا كە كۆرسێك لە سلێمانی و كۆرسێك لە شاری ئەسفەهانی وڵاتی ئێران ئەنجامدرا و نزیكەی ٢٠ رۆژنامەنووسی شاری سلێمانی بەشداربوون".

هەروەها دەڵێت "پاش تەواوبوونی خولەكە چەند میدیایەكی رەسمی و سێبەر لە هەولێرەوە كەوتنە بڵاوكردنەوەی قسەی سەیرو بێ بنەما و هەڵبەستنی تۆمەت و بوختان بۆ بەشداربوانی خولەكەو سكرتێرو ستافی لقی سلێمانی سەندیكاكەو تۆمەتی زۆر نارەواو نابەجێیان دایە پاڵیان و لە خانەی ئەدەب و راستگۆیی دەرچوون و تەنانەت كاریان گەیاندە ئەو رادەیەی بڵێن ئەو گەنجانە كاریان بۆ وڵاتێكی تر كردوە".

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان وتویەتی "بۆیە ئەمڕۆ سكرتێری لقی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگایانە تۆمار كرد كە خاوەنی مۆڵەتی رەسمین (باس-وشە) و ئەو دەزگایانەش كە وەك سێبەر بە بێ خاوەندارێتی كار دەكەن لەماوەی داهاتوودا سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت".

لە كۆتاییدا دەڵێن "رۆژنامەنووسان و شەقامی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە یاسا دەكەینە سەروەرو تا ئەو كاتەی ماهیەت و رادەی راستگۆیی ئەو كەناڵانە بۆ خەڵك دەرنەخەین دەستبەرداری كەیسەكە نابین و مەرجە ئەو دەزگا بەناو میدیاییانە داوای لێبووردنی رەسمی لە گەنجانی بەشداربووی خولەكە بكەن".



PM:09:04:11/04/2022