مەلا بەختیار: كاك مەسعود گەورەی خەڵكی كوردستانە


مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێستا كاك مەسعود بارزانی گەورەی خەڵكە، بەوپێیەی حیزبەكەی زۆرینەیە، چ لەسەر ئاستی عێراق، یاخود لەسەر ئاستی كوردستان."  

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاندووە "باشترین چارەسەر دۆزینەوەی شێوەیەكی نوێیە لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سێقۆڵی، ئەمە بەپێی خوێندنەوەی خۆم، بۆ نموونە لەسەر برایانی شیعەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێویستە كەمێك سازش لە داواكارییەكانیان بكەن، پێویستە یەكێتی نیشتمانی سازش لەسەر هەندێك بڕیاری خۆی بكات، رەوتی سەدر هەندێك بڕوای خۆیان بگۆڕن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەندێك نەرمی بنوێنێت، چونكە بەرپرسیارێتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێز مەسعود بارزانی، لەنێو هاوپەیمانی سێقۆڵی بەرپرسیارییەتییەكی گەورەترە."  

هەروەها دەڵێت، "پێموایە ئەگەر دۆخێك رووبدات، خوانەخواستە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆی هاوپەیمانی سێقۆڵی، یاخود بەهۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوا بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە زۆرینەیە لە پەرلەمانی عێراق، یاخود لە پەرلەمانی كوردستاندا".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكردووە "بۆیە پێموایە پیاوی گەورە بیر لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە گەورەكان دەكاتەوە. بابەت و كێشەی بچووك، چارەسەری ئاسانە، بەڵام كێشەی گەورە چارەسەكردنی سەختە و خەڵك چارەسەری دەكات."  

هەروەها وتویەتی "ئێستا كاك مەسعود بارزانییە، بەوپێیەی حیزبەكەی زۆرینەیە، چ لەسەر ئاستی عێراق، یاخود لەسەر ئاستی كوردستان، كەواتە ئەو گەورەیانە."  

  



PM:11:11:11/04/2022