یەكێتی و وەفدێكی هاوپەیمانی عەزم: كێشەكان بە زمانی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن


یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وەفدێكی هاوپەیمانی عەزم جەختیان لەچارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە زمانی گفتوگۆ كردەوە.

نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویكردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە شاندێكی باڵای ھاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەنا سامەڕائی و ژمارەیەك سەركردەی ھاوپەیمانی عەزم و ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەردانی بافڵ تاڵەبانییان و وەفدێكی یەكێتییان كرد.  

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە دیدارێكدا دوایین پێشهات و هەوڵە سیاسییەكان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراقی تێكەوتووە تاوتوێكران و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت كێشەكان بە زمانی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و پاراستنی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانیی و بەشداریپێكردنی هێز و لایەنەكان لە ناوەندەكانی بڕیاردا.  

ڕاگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە درێژەی دیدارەكەدا جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كرایەوە لەسەر بنەمای دەستوور و شەراكەتی راستەقینە بەشێوەیەك كە نوێنەرایەتی ھەموو پێكھاتەكان بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر لەوڵاتدا.  

هاوپەیمانی عەزم كە هێزێكی سووننەن خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات و بەشێكی سەرەكییان لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی)ین كە 182 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستەوەیە. 



AM:12:28:12/04/2022