هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرابوو


وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق "ورد و نوێ نییە." 
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە بریكار و بەرپرسانی وەزارەتەكەی كۆبووەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو راپۆرتەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردەوە.
 
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو كۆبوونەوەیەدا فوئاد حوسێن رایگەیاندووە "ئەو راپۆرتە ورد نەبووە و پشتی بە چەند راپۆرتێك بەستووە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر"، ناوبراو  داواشی لە بەرپرسانی وەزارەتەكەی كرد، بەردەوامبن لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە.   
 
رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تێوەگلاون لە رووداوی ئەشكەنجەدانی زیندانیان، رفاندن، تۆقاندن، گرتن بەبێ بڕیاری دادوەر و رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان.



AM:12:39:18/04/2022