نێچیرڤان بارزانی پەیامێك ئاڕاستەی ئێزیدییەكان دەكات


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی تەواوی رفێنراوە ئێزدییەكان رزگار بكەین".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان (چوارشەمبا سۆر) پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە "هەموو خوشك و برایانی ئێزدی دڵنیا دەكەینەوە كە هەرچی رفێنراوێكی ئێزدی مابێت، هەموو هەوڵێك بۆ رزگاركردن و دیاریكردنی چارەنووسیان دەدەین."

نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی تەواوی مافی ئێزدییەكان، ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، مسۆگەركردنی ئارامی و ئازادییەكانیان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان كار دەكەن.
 
هەروەها وتویەتی "بەداخەوە ئەمساڵ جەژنەكە لە كاتێكدایە كە هێشتا بەشێكی بەرچاو لە خوشك و برایانمان لەنێو كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن، ئێمە بەڕێز و پێزانینەوە لە خۆڕاگریی ئێزدییەكان دەڕوانین و هیوادارین جەژن و بۆنەكانی دیكە لە رەوشێكی باشتردا بگەڕێتەوە و سەرجەم برا و خوشكانی ئێزدی گەڕابێتنەوە سەر ماڵ و حاڵ و ناوچە ئاوەدانكراوەكانی خۆیان."

جەژنی چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵی كوردانی ئێزدی، یەكێكە لە جەژنە دیارەكان كە هەموو ساڵێك لە مانگی نیسان دەكرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و لە پەرستگەی لالش بە چەندین رێوڕەسم بەڕێوەدەچێت.
 



PM:08:09:19/04/2022