لە زاخۆ، كچە ئێزیدییەك خۆی كوشت


ئێوارەی دوێنێ كچە كوردێكی ئێزدی  لە كەمپی ئاوارەكان لە شارۆچكەی دەركاری قەزای زاخۆ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و پۆلیسیش پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردۆتەوە.
 
نەهشەت سەلمان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاندوە، ئێوارەی دوێنێ تیمەكانیان ئاگاداركرانەوە لە بوونی رووداوێكی خۆكوشتن لە ناو كەمپی ناحیەی دەركاری سەر بە قەزای زاخۆ و دەستبەجێ تیمەكانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستی پێكرد.
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "زانیارییە سەرەتاییەكان دەریانخستووە ئەو كچە ناوی (س.ص.ج)ە و تەمەنی 20 ساڵە، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی زاخۆ و بەپێی ماددەی 408ی یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە."



AM:09:38:22/04/2022