"دوو تونێلی دیکە لە دەربەندیخان دروست دەکرێن"

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم باس لە  نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەكات لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكیش، تا لە داهاتوودا دوو تونێل لە دەربەندیخان دروستبكرێن.

 

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم بۆ قەزای دەربەندیخان كە  تونێلی دەربەندیخانیشی بەسەركردەوە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " تونێلی دەربەندیخان نۆژەندەكرێتەوە و هەوڵدەدەین هاتوچۆ لەسەر تونێلی دەربەندیخان كەمبكەینەوە".

 

بە وتەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە ی هەرێم"میكانیزمێك دادەنرێت كە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لەسەر چیاكەوە هاتوچۆبكەن و ڕێگای (ناوتاق) بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر قیرتاوبكرێت".

 

ناوبراو وتیشی "لیژنەیەك پێكهێندراوە بەمەبەستی دانانی میكانیزمێك كە بتوانرێت لە داهاتوودا دوو تونێلی دیكە لە دەربەندیخان دروستبكرێن".

ئەوە لە کاتێکدایە لەو دەمەوە کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە، ئەمە سێهەم جارە کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی دەربەندیخان و ئەو تۆنێلە دەکات و بەڵێنی دروستکرردنی تونێلی نوێ بە خەڵکی ئەو شارە دەدات.



PM:07:05:29/04/2022