پەیوەندی نێوان یەکێتی و پەکەکە ڕوو لە خراپبوون دەکات


لەسەر ئازادنەکردنی محەمەد شامەروان جێگری مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رانییە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە کە ماوەی دە رۆژە دەستگیرکراوە، پەیوەندیەکانی ئەو دوو حیزبە روو لە خراپی دەکەن.

هەرچەندە بافڵ تاڵابانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە راگەیاندنێکدا کە دواتر لە میدیاکانی یەکێتی سڕدرایەوە ٧٢ کاتژمێری مۆڵەت دابوو بە پەکەکە تا محەمەد شامەروان جێگری مەڵەبەندی رانیەی یەکێتی ئازاد بکات، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوەو بەپێی زانیارییەکانی سپی پەکەکە گومان دەکات کە خەڵکانێکی یەکێتی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا سیخوڕیەکانی تورکیادا بکەن بۆ زانیاری پێدان لەسەر جموجوڵی پەکەکە لە ناوچەکانی تەماس لەگەڵ یەکێتی دا.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، پەکەکە پێیوایە پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی بە تایبەتی لە رووی ئەمنییەوە بەرەوپێش چووەو، لەم چەند مانگەی داوایدا بە نهێنی وەفدی باڵای یەکێتی سەردانی تورکیای کردووە.

 محەمەد شامەروان دە رۆژ لەمەوبەر وەک میدیاکانی یەکێتی رایانگەیاند بە مەبەستی سەردانی باخەکەی لە نزیک گوندی ئینزێ لە بناری چیای قەندیل چۆتە ئەو ناوچەیەو لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەستگیرکراوەو براوەتە شوێنێکی نەزانراو، دواتر پەکەکە رایگەیاند کە لەلای ئەوان دەستگیرکراوە.
     



PM:05:19:30/04/2022