تونێلی دەربەندیخان بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزای دەربەندیخان ئاشکرایکرد، دوای چوار رۆژ لەداخستنی تونێلی دەربەندیخان و ئەنجامدانیپاک کردنەوە سەرەتاییەكان لەدوای ڕووداوی سوتانی تانکەرەکە، وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ تونێلەكە بكرێتەوە بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گەورە و بچوك و بارهەڵگردا.

ئەمڕۆ ١ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزای دەربەندیخان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای پاككردنەوە سەرەتاییەكانی كارەساتەكەی پێنجشەممەی ڕابردوو لە تونێلی دەربەندیخان، لیژنەی هەماهەنگی و بە دەمەوەچونی ڕوداوەكە بەسەرپەرشتی قائیمقام و بەڕێوەبـەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی قەزای دەربەندیخان و دوای راوێژ لەگەڵ لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕیاردرا كاتژمێر 4:00ی  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تونێلی دەربەندیخان بكرێتەوە.

 

ئەوەش هاتووە، هەرچەندە وابڕیار بو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە سەرشاخی بەرانان و ناوتاق و بەردەكەڕەوە هاتوچۆ بكات، بەڵام بەهۆی مەترسی و نالەباری هەلومەرجی ڕێگاكان لەم بەرەجەژنەدا ڕاگیرا، هاتوچۆ بەگشتی بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك و بارهەڵگر دەخرێتەوە ناو تونێل.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ٢٨ی مانگی ڕابردوو ، بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆوە لە بەردەم تونێلی دەربەندیخان، ئاگرێك لە یەكێك لە ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەكان كەوتەوە، لەئەنجامیشدا ھاوڵاتیەك برینداربو، شەش ئۆتۆمبێلیش سوتان، بەو هۆیەوە تونێلەكە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخرا.

 

 



AM:11:56:01/05/2022