بایک: ئەگەر پیلانى تورکیا و پارتى سەربگرێت شتێک بەناوی باشووری کوردستان نامێنێت

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر پارتی و دەوڵەتی تورکیا سەربکەون شتێک بەناوی باشووری کوردستان نامێنێت، پێویستە خەڵکی باشووری کوردستان هەڵوێستی جددی وەربگرن دژی ئەو هێرشانە و ڕێگە نەدەن پارتی و دەوڵەتی تورکیا دەست بەسەر باشووری کوردستاندا بگرن". 

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە میانی بەشارییکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ستێرکدا لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر خاکی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" دەیانەوێت ئێستا ئەم پیلانگێڕییە لە باشووری کوردستان بگەیەننە ئامانج، ئامانجی پیلانگێڕییەکەش بێ کاریگەرکردنی پەکەکە و لەناوبردنی تەواوەتیی گەلی کوردە، بەگوێرەی ئەو پیلانگێڕییەش لە زاپ و ئاڤاشین دەستیان بە هێرشێکی نوێ کرد، ئەو هێرشەش تەنها دژی بزووتنەوەی ئێمە نییە، لە هەمان کاتدا دژی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتییە، دەیانەوێت ئەوانەی بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لەناویان ببەن". 

وتیشی" تورکیا هێرشێکی گەورەی دەستپێکردووە، پارتیش لە هەموو ڕوویەکەوە لەم شەڕەدا لەگەڵ تورکیایە، ئەم شەڕە بە هاوکاری هەردووکیان ئەنجامدەدرێت، پارتی دەوروبەری گەریلا دەگرێت و ناوچەکانی لە یەک دادەبڕێنێت، دەبێتە هاوکاری سەربازانی تورکیا بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەکانی گەریلا، تەنانەت ئاسایشی سەربازانی تورکیاش دەپارێزێت، پێداویستییە سەربازییەکانیان پڕدەکاتەوە، ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت ئیرادەی دەوڵەی تورکایە نەک پارتی، هەندێک هێز و دەوروبەر لە سنووری بادینان بینییان، کە ئەوە خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا دەکات، ناڕەزایەتییان نیشاندا". 


جەمیل بایک، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوا لە گەلی کورد بەتایبەت لە باشووری کوردستان دەکات، ڕێگە نەدەن دەوڵەتی تورکیا و پارتی باڵادەستی خۆیان بەسەر باشووری و کوردستاندا بسەپێنن و دەڵێت" ئەگەر دەوڵەتی تورکیا و پارتی سەربکەون شتێک بەناوی باشووری کوردستان نامێنێت، هیچ پارتێکیش لە باشوور لەسەر پێی خۆی نامێنێتەوە، هەرچەند گەریلاش ڕێگری لەوە کردبێت، بەڵام پارتی و تورکیا دەیانەوێت نەفەسی هەموو کەسێک بگرن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دۆخێکی وەها نەبنەوە، پێویستە هەموو گەلی کورد بە تایبەت لە ناوچەکانی سۆران و بادینان، هەروەها هەموو سیاسەتمەدار، پارت و ڕێکخراوەکان دژی داگیرکاری هەڵوێست وەربگرن، تێکچوونی داگیرکاری خزمەتێکی گەورە بەوان دەکات، چونکە سەرچاوەی کێشەکان پارتی و تورکیایە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش یەک ڕێگە هەیە، ئەویش شکستهێنانی دەوڵەتی تورکایە لە زاپ". 

هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی حکومەتی عێراقیش کرد بۆ سەر شەنگال و وتی" ناتوانین هێرشی عێراق بۆ سەر شەنگال بەجیا ببینین لەو هێرشانەی ئێستا دەکرێنە سەر زاپ و ئاڤاشین، کازمی ئەو شەڕی دەوڵەتی تورک و پەدەکەی لە زاپ و ئاڤاشین کردووەتە هەل و هەوڵیدا سوودی لێ وەربگرێت، وای بیریکردەوە کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر شەنگال کەس ناتوانێت بەهانای ئێزدییەکانەوە بچێت، ئەمە مایەی شەرمە بۆ عێراق، چونکە ئێزدییەکان دژی داعش شەڕیان کرد و شەرەفی عێراق و باشووری کوردستانیشیان پاراست". 


AM:10:15:03/05/2022