ژینگەی عێراق: نەبوونی پلان و زۆریی ئوتومبیل گرفتەكانی بەردەم گۆڕانی كەش و هەوا


وەزارەتی ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێت "بەهۆی نەبونی پلان بۆ دروستكردنی كارگەكان لە ناوچەكانی عێراق و بوونی ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە شارەكاندا بەشێكن لە گرفتەكانی بەردەم گۆڕانی كەشوهەوا".

عیسا فەیاز، بەڕێوەبەری گشتی هونەری لە وەزارەتی ژینگەی عێراق لەلێدوانێكدا رایگەیاندووە "پیسبوونی ژینگەی شارەكان بەشێكی بۆ بونی كارگەی پێشەسازی دەگەڕێتەوە كە تایبەتمەندی پاراستنی ژینگەیان تێدا نییە، بۆ نمونە  ٢٠٠ كارگە و كۆمپانیا لە بەغدا و ٤٠٠ كارگە و كۆمپانیای دیكەش لە هەمو عێراق لەنزیك شارەكان هەیە، بەپێی رێنماییەكانیش دەبێت كارگەكان لانیكەم ٥ كیلۆمەتر لە شارەكان دوربن، هەروەها كارگەكان لەنێوان خۆیاندا پێویستە هەمان ماوەیان هەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو رێنماییە لە عێراق جێبەجێنەكراوە بەنمونە لە یەك شوێندا زیاتر لە ٥٠ كارگە و كۆمپانیا هەیە كە بەرهەمەكانیان دەبنەهۆی پیسكردنی ژینگە، ئەوەش پێویستی بە یاسای ژینگەیی نوێ هەیە كە مەودای نێوان كارگەكان دیاری بكات.

فەیاز وتویەتی "هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوا لە عێراق بۆ بونی چەندین كارگە دەگەڕێتەوە كە رەچاوی ژینگەیان تێدا نەكراوە، بەوهۆیەش ژینگە پیس بوە و دوەم ئۆكیسدی كاربۆن زیاتر بڵاودەكەنەوە، هەروەها بونی ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە بەغدا و نەبونی هاتوچۆی گشتی گۆڕانی كەشوهەوای خراپتر كردووە".



PM:10:16:08/05/2022