یەکێتی: پیلانگێڕییەکی تری پارتی دژی سلێمانی پوچەڵدەكەینەوە


یەکێتی رایدەگەیەنێت " زیاتر لەمانگێگە پزیشك و بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی هاوار دەكەن كە بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشكی كەرتی تەندروستی لەلێواری كەوتن دایەو زەنگی مەترسی لێدرا بۆ ئەوەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەرخەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام تائێستا هیچ وەڵام و هەنگاوێكی كرداری لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نەبینراوە".

میدیای فەرمی یەکێتی لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە" سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەک بەدەنگ ئەو کێشەیەوە نەچووە، بگرە لە كۆبوونەوەكانی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ئەم بابەتە لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە كە پارتییە نەخراوەتەوە نێو بابەتی كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكرێت و كێشەكان دەستنیشان و چارەسەر بكرێن". 

میدیاکە دەڵیت " ئەمە لەهەر وڵاتێكی تر رووبدات یەكسەر كۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە لەلایەن حكومەتەوە ئەنجامئەدرا لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پەیوەستە بەتەندروستی گشتی و ژیانی هاووڵاتیانەوە، بەڵام وەك بینیمان مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم كە دروشمی چاكسازی بەرزیكردوە نەك هیچ هەنگاوێكی كرداری نەبووە، بگرە هیچ قسەیەكی نەبووە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە،  وەك ئەوەی تەندروستی سلێمانی بەشێك نەبێت لە سیستمی تەندروستیی هەرێمی كوردستان".

هەروەها یەکێتی دەشڵێت "بەم بێدەنگییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەركەوت كە نەك لەڕووی دارایی و پێدانی موچەوە سلێمانی ئابڵوقە دراوە، بەڵكو لەڕووی تەندروستی و پزیشكیەوە سلێمانی ئابڵۆقە دراوەو بەم بێدەنگییەی سەرۆكی حكومەت پیلان و پیلانگێری پارتی ئاشكرا بوو كە دەیانویست كەرتی تەندروستی لەسلێمانی پەكی بخەن و نەخۆشخانەكان دابخرێن و نەخۆش بكەوێتە سەر جادە بێ دەرمان و چارەسەر و یەكێتی خەتابار بكەن، بەڵام یەكێتی لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەدابینكردنی دەرمان و پێداوستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی ئەمجارەش پیلانێكی پارتی دژی سلێمانی پووچەڵكردەوەو رێگریكرد ناحەزان دەستوەردەنە تەندروستی گشتی و تەندروستی هاووڵاتیان بیخەنە نێو ململانێ سیاسیی ناپاك كە دەیكەن و یاری بە ژیان مرۆڤ و نەخۆش بكەن بۆ بەرژەوەندی حزبی و بەدەستهێنانی پلە و پۆست لەبەغدا".

ئەو راگەیەندراوەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە ئەو حیزبە خۆی بەشداری سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، یەکێتی خاوەنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و شەش وەزارەت و سەرۆکایەتی سێ دەستە دەکات، ئەمە جگە لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی هەرێم. 



PM:11:01:09/05/2022