"لە وەزارەتی شەهیدان مووچەی ١١ هەزار کەس بڕدراوە، کە بەدەر لە یاسا سوودمەند بوون"

بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕایدەگەیەنێت" لە وەزارەتی شەھیدان مووچە و مینحەی ١١ ھەزار کەس لەوانەی بەدەر لە یاسا سوودمەند بوون، بڕاوە". 

عادل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" دوابەدوای دەرچوونی یاسای ژمارە ٢ی تایبەت بە چاکسازی، مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشینی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و پەیڕەوی بۆ دەرکراوە و ڕەوانەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کراوە، ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی یاسا و پەیڕەوەکە وەزیری شەھیدان ژمارەیەک لیژنەی لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان پێک ھێنا، وەزیری شەهیدان خۆی سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازییە و ژمارەیەک لیژنەی لاوەکیش لە پارێزگاکان پێک ھاتوون". 

بەرپرسەکەی وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت" پرۆسەی چاکسازی لە شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی ئەنفال بەڕێوە دەچێت و دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام چاکسازی لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە و ڕۆژانە لەسەر ئاستی وەزارەت بە ھەرسێ جۆری شەھیدی ھاووڵاتی و سەنگەر و جینۆساید لیژنەکان بەردەوامن لە کارەکانیاندا و تا ئێستا بەردەوام کار لەسەر دۆسیەکانیان دەکەن". 

عادل حەمە ساڵح ڕوونیشیکردەوە، لە ھەنگاوی یەکەمدا مووچە و مینحەی ١١ ھەزار کەس لەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون، بڕاوە و بەوەیش نزیکەی نۆ سەد و هەشتا و شەش ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە، ڕۆژانەش لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان مووچەی ئەوانەی بە نایاسایی مووچە و مینحەیان بۆ بڕاوەتەوە، دەبردرێت و ئەوەیش لە چوارچێوەی بڕگە و حوکمەکانی یاسای چاکسازیدا. 


PM:05:22:16/05/2022