ژنێکی تەمەن (١٧) ساڵ بەهۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی سووتاند

لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێکی تەمەن (١٧) ساڵ کە بە منداڵی بەشوو دراوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.   

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژنێکی تەمەن (١٧) ساڵ لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی سیتا شێخ مورادی، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند" سیتا شێخ مورادی دانیشتووی گەرەکی دەرە درێژی کرماشان بووە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کحولی بە جەستەی خۆیدا کردووە و دواتر گڕی لە خۆی بەرداوە، کە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە و سووتانی (٩٥) لە سەدی جەستەی، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، سیتا شێخ مورادی لە تەمەنی (١٥) ساڵییەوە هاوسەرگیری کردووە و دایکی منداڵێکی تەمەن چوار مانگە بووە.


PM:01:48:20/05/2022