مەلا بەختیار: پارتی ئەگەر دڵنیایە لە ڕێككەوتنە سێ‌ قۆڵییەكەی، با بە فەرمی بڵاوی بكاتەوە

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" پارتی بۆچی ڕێككەوتنە سێ‌ قۆڵییەكەی بڵاوناكاتەوە؟ ئەگەر دڵنیایە لە ڕێككەوتنەكەی و دەزانێت بەدڵی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، با بە ڕەسمی بڵاوی بكاتەوە". 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی خانەقین و لەبارەی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی وتی" پارتی بۆچی رێككەوتنە سێ‌ قۆڵییەكەی بڵاوناكاتەوە؟ ئەگەر پارتی دڵنیایە لە رێككەوتنەكەیی و دەزانێت بە دڵی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، با بەرەسمی بڵاوی بكاتەوە". 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەی یەكێتی چ رێككەوتنێكی كردووە؟ ئایا چۆن بەبێ رێككەوتن دەچیتە سەنگەرێكەوە بەرامبەر بەسەنگەرێكی ترو دەشتەوێت، مەرجەكانت بهێنیتەدی! ئایا یەكێتی بەبێ‌ مەرج دەتوانێ‌ داخوازییەكانی بهێنێتەدی؟! لەكاتێكدا لەسەردەمی مام جەلالدا، یەكێتی رێككەوتنیشی دەكرد، كەچی هێزە عیراقییەكان دەستی بەدەستیان بەكورد دەكرد!.

ئاماژەی بەوەشکرد" بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە، لەوەناچێت عیراق بتوانێت نەك یەك كەس، بەڵكو سەركردەیەكی لێوەشاوەی مێژوویی خۆی دروستبكات. هەتا بتوانێت ئەم هەموو داهات ‌و سامانە، بكاتە سەرچاوەی خێرو مایەی بوژاندنەوەی عیراق. ئەمەش سەرەنجامی ئەوەیە یاسا لەعیراقدا جێبەجێ‌ نابێت و میلیشا حوكم دەكات و گەندەڵیش پەرە دەسەنێ‌". 

جەختیشیکردەوە، عێراق نەیتوانیوە دیاردەی گەندەڵی و دزی و هەژموونی میلیشیا چارەسەر بكات، یاسای نەوت و گاز پەسەند بكات، كەچی ناكۆكییەكانی لەگەڵ هەرێم قوڵ دەكات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:  

"ئەگەر پارتی دڵنیایە لەرێككەوتنە سێ‌ قۆڵییەكەی، بۆچی بڵاویناكاتەوە؟"

مەلا بەختیار:

گرنگ ئەوەیە (كێ‌) لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، نەك خودی (كورسی)یەكە!

ژمارەیەك لەكەسایەتی خانەقین، سەردانی سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیاریان دەكەن.

لەو دیدارەشدا كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (4/6/2022) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ دۆخی خانەقین كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە خانەقین، ساڵەهایە بە بارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و ئەمەش خەڵكی نیگەران كردووەو ئازاریداون.

وتیشی: خەڵكی ناوچەكانی كەركوك، خانەقین، دووز خورماتوو، سەعدیە، شەنگال و دەروبەریان، لەدوای روخانی بەعسەوە، تامی ئازادیان كردو ئێستاش لەهەست و ویژدانیاندا ئەو ئازادییەیان پاراستووە. ئەم پاراستنی ئازادییەش لەویژداندا پاڵنەرێكە كە بەردەوام خەبات بكەن بۆ ئەوەی كوردستانییەتی خانەقین كەمنەبێتەوە و مادەی (140)یش جێبەجێ‌ بكرێت‌و هەركاتێك بارودۆخێكیش لەعیراق و دیالە بێتە پێشەوە، دیسان وەك رابردوو، ئازادی بۆ خانەقین بگەڕێتەوە. ئەو ئازادییەی بەتەواوی بەركەماڵ ببوو.

راشیگەیاند: خاڵێكی تر كە جێگەی شانازییە‌و باشتر لەهەموو شارو ناوچەكانی تر، كە پێیاندەوترێت ناوچەكانی مادەی (140)، لەخانەقین كورد، عەرەب، توركمان، شیعە و سوننە‌و كاكەیی، باشترین پەیوەندیمان هەیە. زۆر گرنگ و جێگەی بایەخیشە ئەم پەیوەندییە بپارێزین و نەهێڵین هیچ دەسەڵاتێك لەعیراق، لەئێمە دڵسۆزتربێ‌ بۆ توركمان، بۆ عەرەیی رەسەن ‌و ئازادییەكانی عەقیدە، چ شیعە و چ سوننە و چ كاكەیی و هی تریش. چونكە ناشرینترین و بێزراوترین سیاسەت، كۆتبەندكردنی عەقیدەی خەڵكە‌و ئەمەش بەرەو دیكتاتۆریەت و فاشیەتی دەبات.

مەلا بەختیار، رونیشیكردەوە، بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەی لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە هاتە ئارا، تا ئێستا كە چوارساڵ دەكات، نەتوانراوە وەك پێویست خزمەت بەقوربانی‌و تێكۆشانەكانی بەخانەقین بكرێت ‌و وتی:

ئەگەرچی درێغیم نەكردووە، بەڵام هێشتا داوای لێبوردن لە خەڵكی خانەقین دەكەم، كە چوار ساڵمان لەدەستچوو بۆ ئەوەی تەواوی خزمەتەكانمان پێشكەش بەشارەكە بكەین، چونكە هیچ شانازییەك لەدونیادا، بەهێندەی شانازیكردن نییە لەخزمەتكردن بەخەڵكەكەی خۆت و رازیكردنیان.

لەبەشێكی تری دیدارەكەیدا، مەلا بەختیار، بەهاتنە سەر دەسەڵات و حوكمەتە جیاوازەكان، شرۆڤەیەكی دۆخی عیراق و ئەو هەلومەرجە سیاسییەشی كرد كە ئێستا لەئارادایە‌و، تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لەناو هەموو سەرۆك كۆمارەكاندا رێككەوت نییە‌و تواناو لێهاتوییە كە تەنیا جەنابی مام جەلال، توانی ببێتە سەرۆك كۆمارێكی دیار و وەك جەنابی سیستانی ناوی ناوە (صەمامی ئەمان)ی عیراق بێت. چونكە مام سەلماندی: گرنگ ئەوەیە (كێ‌) لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، نەك خودی (كورسی)یەكە! پرسیارەكەش ئەوەیە شەش سەرۆك وەزیران دەسەڵاتیان وەرگرت، ئایا كێ‌ رێگەی لێگرتبوون نەهێڵن گەندەڵی لەعیراقدا بەم ئاستەی ئێستای بگات؟ یا هێز بەكاربهێنن و یاسا بچەسپێنن؟

هەر لەو روانگەیەوە گرفت‌و قەیرانەكان ‌و گەندەڵییەكانی لەسەرجەم بوارەكاندا، كە خەڵكی عیراقی خستۆتە دۆخێكی نەخوازراوەوە، رونكردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:

بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە، لەوەناچێت عیراق بتوانێت نەك یەك كەس، بەڵكو سەركردەیەكی لێوەشاوەی مێژوویی خۆی دروستبكات. هەتا بتوانێت ئەم هەموو داهات ‌و سامانە، بكاتە سەرچاوەی خێرو مایەی بوژاندنەوەی عیراق. ئەمەش سەرەنجامی ئەوەیە یاسا لەعیراقدا جێبەجێ‌ نابێت و میلیشا حوكم دەكات و گەندەڵیش پەرە دەسەنێ‌.

عیراق نەیتوانیوە دیاردەی گەندەڵی و دزی و هەژمونی میلیشیا چارەسەر بكات. یاسای نەوت و گاز پەسەند بكات.. كەچی ناكۆكییەكانی لەگەڵ هەرێم قوڵ دەكات.

چوونە بەغدادی هێزە كوردستانییەكان بەگوتار و ئەجێندای جیاواز، بەشێكی تر بوو لەگفتوگۆكەی مەلا بەختیارو تیایدا ئاماژەی بەرێككەوتنەكەی پارتی دیموكرات كردو وتی: پارتی بۆچی رێككەوتنە سێ‌ قۆڵییەكەی بڵاوناكاتەوە؟ ئەگەر پارتی دڵنیایە لەرێككەوتنەكەیی و دەزانێت بەدڵی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، با بەرەسمی بڵاویبكاتەوە! ئەی یەكێتی چ رێككەوتنێكی كردووە؟ ئایا چۆن بەبێ رێككەوتن دەچیتە سەنگەرێكەوە بەرامبەر بەسەنگەرێكی ترو دەشتەوێت، مەرجەكانت بهێنیتەدی! ئایا یەكێتی بەبێ‌ مەرج دەتوانێ‌ داخوازییەكانی بهێنێتەدی؟! لەكاتێكدا لەسەردەمی مام جەلالدا، یەكێتی رێككەوتنیشی دەكرد، كەچی هێزە عیراقییەكان دەستی بەدەستیان بەكورد دەكرد!.

هاوكات ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، پرسیارێكی جەوهەری كە هەیە، ئەوەیە بۆ دەبێت لەدوای (31) ساڵ لەكوردستاندا گەندەلێ‌ هەبێ‌، بۆچی دەبێ‌ (25) ملیۆن دۆلار و زیاتر قەرزاربین؟ پرسیارێكی ئەوەیە كوا كورد پرۆژەیەكی ستراتیجی هاوبەشی هەیە، كاتێك دەچێتە بەغداد؟ چۆن دەبێت میللەتێك بچێت بۆ دانوستاندن، بەڵام پرۆژەی ستراتیجی هاوبەشی و رێككەوتنی نەبێ‌ و بەسەركردایەتی جیاوازە بچێتە بەغداد؟ ئەمە لەكوێ‌ هەبووە نوێنەری نەتەوەیەك ئەمە حاڵی بێ‌! لەبیریان چووە ئەگەر كورد و كوردستان نەبێ‌، هیچیان لەپەرلەمانی عیراق بونیان نابێ‌؟! ئەمەش هەڵەكانن و باجەكەیشمانداوە. دۆخی ئێستاش سەلمێنەرە. 


PM:04:02:04/06/2022