پەکەکە ناسنامەی شەهید دکتۆر حسێن ئامەدی بڵاودەکاتەوە

کۆمیتەی پشتیوانی لە خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە ناسنامەی شەهید (دکتۆر حسێن ئاکداغ)ی ڕاگەیاند و دەڵێت" ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبووە". ( لە مەخمور لە ٥ ی حوزەیران لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومان کرا، هەر ئەو رۆژە ئۆردوغان لە تەلەفزیۆنەکانی تورکیا ئاماژەی بۆ کوژرانی کرد).

لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمیتەی پشتیوانی لە خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە بڵاویکردەوە" ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دکتۆر حسێن ئاکداغی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبووە"، 
کۆمیتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" حسێن ئاکداغ ساڵی ١٩٧٢ لە ناوچەی حەزۆ-ی ئێلح لەناو خێزانێکی دڵسۆزی بەها کۆمەڵگەیی و نیشتمانییەکان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٢ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوو، لە شارە گەورەکانی تورکیا بەشداریی لە کارەکانی ڕێکخستندا کرد، لە یەکەم هەنگاوی بۆ ناو ڕیزەکانی ئازادیی، وەک دەروێش فیداییانە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کرد، ساڵی ١٩٩٦ لە شوێنی ڕێبەرایەتیی بەشداریی لە خولێکی پەروەردەیی کرد، لە زۆربەی ناوچەکان گەریلایەتیی کردووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، دکتۆر حسێن یەکێک بووە لە ئەندامە هەڵکەوتووەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و دەرفەتی زۆر گەورەی ڕەخساند بۆ پێکهاتنی شۆڕش، بووە هاوڕێی هێڵی ئازادیی ژن و تێگەیشتنی بۆ ئایدۆلۆژیای ڕێبەرایەتی لە ئاستێکی بەرزدابوو.

دکتۆر حسێن ئاکداغ کە بە حسێن ئاماد ناسرابوو پێش ئەوەی بکرێت بە بەرپرسی رێکخستنەکانی کەمپی مەخمور، بەرپرسی پەیوەندیەکانی کەجەکە بوو لە باشوری کوردستان و زیاتر لە سلێمانی نیشتەجێ بوو، لەو کاتەدا دۆستێکی زۆری لە ناو باشوری کوردستان هەبووە لە لەناو چالاکوانان و کەسایەتییە دیارەکان و ڕۆژنامەنوساندا. 


PM:02:48:05/06/2022