'تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوو لە زیاد بوونە"

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا سەریهەڵداوە، لەوبارەیەشەوە بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی عەلی ناجی، باسی لەوەکرد،  بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەکاتی گۆڕانی کەشوهەوادا شتێکی ئاساییە.

ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرخێڵ ئاراس بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی عەلی ناجی رایگەیاند " بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەکاتی گۆڕانی کەشوهەوادا شتێکی ئاساییە، لە دوو ساڵی رابردووشدا رووبەرڕووی ئەو حاڵەتە بووینەتەوە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت کەسەکان ئاسانتر تووشی ڤایرۆسەکە بن و رێژەی تووسبوونیش بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو کەمتر بێت، چونکە لە ئێستادا ڤاکسین هەیە".

وتیشی" لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، چارەسەرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر و پێشکەوتووتر دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسەش لەسەر مرۆڤ کەمدەبنەوە".

ناو براو باسی لەوەشکردووە، ئێمە رۆژانە ١٥٠ پشكنین بۆ هاوڵاتییان ئەنجامدەدەین و لەو ژمارەیەش نزیکەی ٢٥ پشکنین ئەرێنی دەبن، بەڵام زوو چارەسەری پێویست بۆ تووشبووەکان ئەنجام دەدرێت.

 



PM:05:01:22/06/2022