چوارچێوەی هەماهەنگی مالکی و عامری کاندید ناکەن بۆ سەرۆک وەزیران

چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەرداری هەریەک لە عامری و مالکی بوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و، بەشوێن ئەلتەرنتیڤی سێهەمدا دەگەڕێن.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیاندنێکدا کە دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکە بڵاویان کردەوە، رایانگەیاند " مالکی و عامری بەردەوام دەبن لەسەر ڕۆڵی باوکانەیان و نەرمی دەنوێن بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی گونجاو بۆ قۆناغی داهاتوو."  
  
لە راگەیاندراوەکەدا کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، هاتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی مکوڕن لەسەر ئەوەی کە نابێت کاندیدی سەرۆک وەزیران سەر بە لایەنێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو دەبێت کاندیدی هەموو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بێت.
  
هەروەها هاتووشە "ڕێككەوتن كرا سەركردایەتیکردن لە هەماهەنگییەکە بەكۆمەڵ بێت بۆ وەرگرتنی بڕیاری چارەنووسساز و ستراتیجی لە سەرجەم رێككەوتنە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵام بەڕێوەبردن بۆ سەرۆكی حكومەت و تیمە وەزاریەكەی جێبهێڵرێت."  
  
چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەش دەخاتەڕوو کە پێ لەسەر ئەوە داگیراوە کە پێوه‌ری تایبه‌ت هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان له‌ڕووی كارایی و ده‌ستپاكییه‌وه‌.

جەختیش لەسەر بەشداری سه‌رجه‌م كورد و سوننه‌ و پێكهاته‌كانی تر لە حکومەتدا کراوەتەوە. هەروەها بەشداری سەدریشیان بەلاوە گرنگە بەپێی شایستەی دەنگی هەڵبژاردنیان.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان كردەوە كە حكومەتی کاربەڕێکەری کازمی، "هیچ دەسەڵاتێكی نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی"..  



PM:11:11:19/07/2022