ئاسایشی سلێمانی: شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی هێنرا


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "ھێزەكانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن و ئەندامانی ئەو دوو گروپەش  دەستگیر دەكرێن  كە  مەرامیان بوو  كردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن  و پیلانی  تیرۆركردنی چەند كەسایەتیەكیشیان داڕشتبوو، بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیركراوەكان پیلانیان دانابوو  ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان بكەنە ئامانجی كردەوەكانیان". 

دەقی راگەیەنراوی ئاسایشی سلێمانی: 

بەپشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگیرییەكان ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی دروست و پشتراستكراوەی دەستكەوت لە سەر هەردوو گروپە تیرۆریستیەكە لە ھەرێمی كوردستان كە لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە كەوتوونەتە ژێركاریگەری فكری تیرۆریستی داعش و بە دوو ئاڕاستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەكانیان جێبەجێبكەن .

پاش لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد، سەرەداو ئاشكرابوو ، شوێن و جێگاو جوڵەی تۆمەتباران دەستنیشانكران و خرانە ژێرچاودێری وردەوە .
 دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بەبڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / ھێزەكانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتێكی سەركەوتووی جیاجیادا  ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد كە پیلانیان ھەبوو دوای جێبەجێكردنی مەرامەكانیان ھەڵبێن و پەیوەندی بەچەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە بكەن .




دانپێدانانی تیرۆریستان ...

یەكەم .........
تیرۆریست ( ع ، ح ) تەمەن ٢٨ ساڵ دانیشتووی قەزای خەبات ھەولێر و خێزاندارە خاوەنی دوومنداڵە ، لەرێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە لەخشتەدەبرێت و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە دەكات و  پیلان دادەنێت چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لەچەند شوێنێكی ھەولێر ئەنجام بدات بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لەرۆژی ١ ی ٦  ی ٢٠٢٢ دەستگیركرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... ١ 


دووھەم ..............
تیرۆریست ( ئ ، ئ ) تەمەن ٢٣ ساڵ دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجە لەساڵی ٢٠١٩ بەیعەت بە تیرۆریستانی داعش دەدات و لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێكەوە دەكات  . دوای ئەوەی پیلان دادەنێن پەیوەندی بەچەكدارانی داعشەوە بكەن و ھەڵبێن ٢ ی ٧ ی ٢٠٢٢ لە سنوری ھەڵەبجە بەھاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور  دەستگیركرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... ٢


سێھەم ............
تیرۆریست ( غ ، س ) تەمەن ٢٣ سێ ساڵ دانیشتووی ئاكرێ لەساڵی ٢٠٢٠ بەھەمان شێوە لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەكەوێتەژێر كاریگەری بیری توندڕەوی  و بانگەشە بۆ داعش دەكات دواتر پەیوەندی لەگەڵ چەند تیرۆریستێكی تر لەشارەكانی ھەرێم دەبەستێت و  داوای لێدەكرێت بێتە سلێمانی و نزیكەی ٩ مانگ لەیەكێك لە ھۆتێلەكان دەمێنێتەوە و سەرباری كاركردنیی ، بەردەوام لەھەوڵی فراوانكردنی گروپەكەیان دەبن و لەگەڵ چەند ھاوەڵێكی  پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن .
بەڵام ٨ ی ٧ ی ٢٠٢٢ دەستگیركرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... ٣ 


چوارەم ..............
تیرۆریست ( س ، ت ) تەمەن ٢١ ساڵ دانیشتووی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٠ لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە فریودەدرێت و فكری داعش وەردەگرێت ، دواتر لە سۆشیالمیدیا چەند تیرۆریستێكی تر دەناسێت و پەیوەندییەكانیان رێكدەخەنەوە و مەرامیان بوو پەیوەندی بەچەكدارانی داعشەوە بكەن .  بەڵام پێش جێبەجێكردنی پیلانەكەیان 
١٠ ی ٧ ی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... ٤ 


پێنجەم ..............
تیرۆریست ( ز ، م ) تەمەن ٢٠ ساڵ دانیشتووی سلێمانی لەساڵی ٢٠١٩ لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری فكری توندڕەوی داعش و پەیوەندی بەچەند تیرۆریستێكی ترەوە دەكات و دوای چەندین كۆبوونەوە پیلان دادەنێن ھەڵبێن و پەیوەندی بەچەكدارانی داعشەوە بكەن بەڵام لە ١٥ ی ٧ ی ٢٠٢٢ دەستگیردەكرێت .




ھەر پەیوەست بە ھەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و ئارامی خەڵك لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین تیرۆریستی ھەرەتاوانبار دەستگیركراون و رووبەڕووی یاساكراونەتەوە و لەبەرسەلامەتی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی  زانیارییەكان بەنھێنی ھێڵرانەوە .


ئێمە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی وەك ھەمیشە سوپاسی بێپایانمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەردەبڕین كە ھاوكارو پشتیوانی سەرخستنی كارەكانمانن و لەخەمی ئارامی ھەرێم دان كەئەمە سوورترمان دەكات پەرۆشتربین بۆ زیاتر راپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانمان و بێ پشوو لە پێناو ژیانی خەڵك و ئۆقرەیی و ئاسایشی ھەرێمی كوردستان كاربكەین و تۆمەتبار و ھەڵھاتوان لە یاساو سەرپێچیكاران و ھەموو ئەوانەی دادگا داوایاندەكات راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادەوەری بكەین  .
ئەوەی جێگای ھەڵوەستەی جددی و تێڕامانە لەئێستادا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆڕمەكانی سۆشیالمیدیا یەكێكن لەھۆكارەسەرەكییەكانی لەخشتەبردنی گەنجانی ھەرێمی كوردستان و وەك سەكۆیەك بەكاردەھێنرێن بۆ بانگەشەكردنی فكری توندڕەوی داعش و جێبەجێكردنی مەرامەكانیان كە ئێمە لە پەرۆشیمانەوە بۆ رێگریكردن لەم دیاردەیەو و پارێزگاریكردن لە ژیانی گەنجان و پاراستنی داھاتوویان كە براو كوڕو كەسوكاری ئێمەن و سەرمایەیەكی گرنگی ھەرێمەكەشمانن ، داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی ، پەروەردەكاران ، توێژەرانی كۆمەڵایەتی ، دەروونی ،راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی بەڕێزدەكەین لەسەر ئەم پرسە كە پەیوەندی بە تاك بەتاكی كۆمەڵگەكەمانەوە ھەیە ئامادەییان ھەبێت لە ھۆشیاركردنەوەو ھاوكاربن بۆ بنبڕكردنی فكری توندڕەوی كەلەپاڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیانەوێت مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن چونكە ئاینی ئیسلام بێبەرییە لەتیرۆر و ترس و تۆقاندن و ئاینێكە بۆ پێكەوەژیان و برایەتی و چاكەكاری .


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی .





PM:07:41:23/07/2022