وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ژمارەیەک بڕیاری نوێی لەبارەی خزمەتگوزاری پەیوەندیكردن دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" مۆڵەتی یەك مانگ دەدرێتە سەرجەم كۆمپانیاكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن، بە ئاگاداركردنەوەی بریكارەكانی فرۆشتنی سیم كارت لە بازاڕەكان ( سەرەكی و لاوەكی) بە مەبەستی دەرهێنانی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەزامەندی ئاسایشی تایبەتمەند كە لە رێنماییەكەدا دەقنووسكراوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەیاننامەیەكی هاوبەش له نێوان ‌وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنە و گەیاندن سەبارەت بە كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن.

بەمەبەستی دانانی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(110 لە 1/9/2021) تایبەت بە رێكخستنی میكانیزمەكانی فرۆشتنی توێژاڵی ئەلیكترۆنی (سیم كارت) لەلایەن كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن ( مۆبایل و ئینتەرنێت) لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سیم كارتی بێ خاوەن نە فرۆشرێت لە بازاڕەكان كە هندێك جار دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە و تاوان لە هاووڵأتیانی هەرێمی كوردستان . بۆ نە هێشتنی دیارەی فرۆشتنی سیم كارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەل وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەڵسا بە دەرچوواندنی رێنمایی ژمارە (8ی ساڵی 2021) تایبەت بەم بابەتە پاڵپشت بە گەڵاڵەنامەی تایبەت بە رێكخستنی میكانیزمەكانی فرۆشتنی تویژاڵی سیمی ئەلكترۆنی (سم كات) كە دەرچوو لە لایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی حكومەتی فیدڕاڵ (CMC) بۆ بنبڕ كردنی فرۆشتنی سیم كارت لە بازاڕەكان بەدەر لە میكانیزمە یاساییەكانی فرۆشتن و بە خاوەنكردنیان بە پێی بایۆمەتری ئەلیكترۆنی.

بۆ جێبەجێ كردنی بڕیار و رێنمایی ئاماژەپێدراو لە سەرەوە ئەم رێكارانەی خوارەوە دەگیرێنەبەر.

1. مۆڵەتی یەك مانگ لە (24/7/2022) تا (23/8/2022) دەدرێتە سەرجەم كۆمپانیاكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی( مۆبایل و ئینتەرنێت) بە ئاگاداركردنەوەی بریكارەكانی فرۆشتنی سیم كارت لە بازاڕەكان ( سەرەكی و لاوەكی ) بەمەبەستی دەرهێنانی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەزامەندی ئاسایشی تایبەتمەند كە لە رێنماییەكەدا دەقنووسكراوە.

2. لە رۆژی (24/8/2022) بە دواوە دەست دەكرێت بە هەڵمەتی داخستنی گشت ئەو شوێنانەی كە سیم كارت دەفرۆشن مۆڵەتییان نییە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەكان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان فرۆشتنی سیم كارت بێ مۆڵەت قەدەغە دەكرێت بە هەموو شێوەیەك و لە میانەی ئەو مانگە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن كەمپینێكی راگەیاندن ئەنجامدەدات لە گشت هۆكارەكانی راگەیاندنی (بیسترا و بینراو) بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان بە پێویستی تۆماركردنی سیمكارتەكانیان كە بە ناوی خۆیان نییە بەپێی رێنمایی سەرەوە .

3. لە دوای جێبە جێكردنی میكانیزمی سەرەوە لیژنەكانی بەدواداچوون كە لە رێنماییەكەدا هاتووە، كاری پێویست ئەنجامدەدەن سەبارەت بە پشكنین و سەردان بۆ بازارەكان بۆ دڵنیابوون لە ڕادەی جێبەجێكردنی ئەم رێنماییە بە سەرپەرشتی خودی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆیەكان .

داوا لە هاووڵاتیان و كۆمپانیاكانی بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی(مۆبایل و ئینتەرنێت) دەكەین كە هاوكار و پابەندبن بە جێبەجێكردنی رێنمایی سەرەوە بن بەمەبەستی سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە لە پێناو بەرژەوەوەندی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی ئەو گیروگرفتانەی كە پەیوەندیان بە (سیم كارت) ی بێ خاوەنەوە هەیە .

راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان


PM:01:54:24/07/2022