چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی سەرۆک وەزیرانى عێراقی دیاریکرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی تەموزی ٢٠٢٢ چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمى محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتووی عێراق کاندیدکرد. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانى عێراق، دوای ئەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی تەنیا دوو کاندیدیان لە کۆی هەشت کاندید هێشتەوە، چوارچێوەکە محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران دیاریکرد. 

محەمەد شیاع سودانی لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری بەغداد لەدایکبووە و خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، ناوبراو دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدایە، ماستەری لە ئیدارەی پرۆژەکان هەیە و پێشتر پارێزگاری میسان بوو. 

سودانی کاتێک لە ساڵی (١٩٨٠) تەمەنی گەیشتە دە ساڵ، ڕژێمی سەدام حسێن باوکی و پێنج کەسی لە بنەماڵەکەی لە سێدارەدا بەهۆی ئەوەی سەر بە حیزبی دەعوەی ئیسلامی قەدەغەکراوی ئەو کاتە بوون.

لە ساڵی (١٩٩٧) لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی میسان دامەزراوە، لەوێ بەرپرسیارێتی پێ سپێردراوە، لەوانە بەرپرسی کشتوکاڵی کومایت و ناحیەی عەلی ئەلشەرقی، بەشی بەرهەمهێنانی ڕوەک، هەروەها ئەندازیاری سەرپەرشتیاری بەرنامەی نیشتمانی توێژینەوە لەگەڵ ڕێکخراوی (FAO)ی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی (٢٠٠٣)، سودانی وەک هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی ئیدارەی پارێزگای میسان و دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دەستنیشانکرا، ساڵی (٢٠٠٤) پۆستی سەرۆكی شارەوانی ناوەندی پارێزگای میسان و گەورەترین شارەكەی گرتە ئەستۆ و لە ساڵی (٢٠٠٥) وەک کاندیدێک بۆ لیستی حیزبی دەعوە لە ئەنجومەنی پارێزگای میسان هەڵبژێردرا و لە ساڵی (٢٠٠٩) دووبارە هەڵبژێردرایەوە.


PM:03:07:25/07/2022