نوێترین وێنەی ئەو پێشمەرگەیەی كاكەیی كە حەشدی شەعبی سمێڵیان تاشی


بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو كەسانەی هەستاون بە تاشینی بەشێك لە سمێڵی پێشمەرگەیەكی كاكەیی".

ئەمڕۆ ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە ئەیمەن عەبد جاسم كاكەیی، پێشمەرگەی لیوای (٩)ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێك لە كەسایەتیانی كاكەیی كرد.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەم دیدارەدا بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە "ئیدانەی ئەو هەڵوێستە ناشرینەی گروپێكی چەكدارانی حەشدی شەعبی كرد، كە بێڕێزیان بەم پێشمەرگەیە و پیرۆزییەكانی كاكەییەكان كردووە و جەختیكردەوە كە وەزارەت لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو كەسانەی بەم رەفتارە نامرۆڤانەییە هەستاون، هەروەها پشتگیری و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپاتكردنەوە".

ئەیمەن عەبد جاسم كاكەیی، ئەو پێشمەرگەیەی لە ئاینزای كاكەیی كە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە بەشێك لە سمێڵی تاشرا لە نوێترین دەركەوتنیدا كڵاوێكی لەسەر كردووە و دەمامكێكی بەستووە.



PM:07:54:25/07/2022