سەدر داوای کشانەوەی هادی عامری لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات

وەزیری سەدر بۆ كاروباری خۆپیشاندەران دەڵێت "وەک مەرجێک بۆ دانوستاندن پێویستە سەرەتا هاوپەیمانیی فەتح لە چوارچێوەی هەماهەنگی بکشێتەوە".

محەمەد ساڵح عێراقی، وەزیری سەدر لە تویتێکدا ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕای گەیاند "سێ مەرجمان هەیە بۆ داوای برامان هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ."  

مەرجەکان بریتین لە، "یەکەم، کشانەوەی هاوپەیمانیی فەتح لە چوارچێوەی هەماهەنگی، دووەمیش، سەرکۆنە کردنی قسەکانی مالیکی لە تۆمارە دزەپێکراوەکانی ماوەی ڕابردوو."  

هاوکات سەبارەت بە مەرجی سێیەمیش، وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، "ئێوە لە واژۆکارانی بەڵگەنامەیەکی چاکسازی بوون، بەڵام جێبەجێ نەکرا، کێ گەرەنتی جێبەجێکردنی دیالۆگی چاکسازیخوازانە دەکات، بۆ ئەوەی عێراق لە گەندەڵی رزگار بکرێت دەبێت کەفیلێک دیاری بکەن".

 



PM:12:54:01/08/2022