دامەزراوەی میدیایی نالیا لەبارەی دەستگیرکردنی تیمێکی رۆژنامەوانی (ئێن ئاڕ تی) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

دامەزراوەی میدیایی نالیا لەبارەی دەستگیرکردنی تیمێکی رۆژنامەوانی (ئێن ئاڕ تی) رایدەگەیەنێت" تیمێکی رۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی لە کاتی کاری پیشەیی رۆژنامەوانی خۆیاندا بە بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلایەن هێزێکی ئاسایشی سلێمانییەوە بە بێ بوونی هیچ پاساوێک و بڕیارێکی دادگا لەناو بازاڕی سلێمانی دەستگیرکراون". 

دامەزراوەی میدیایی نالیا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ دووشەممە، تیمێکی رۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی کە هەریەکە لە (کارزان تاریق)ی پەیامنێر و (چێنەر ئەحمەد)ی وێنەگر پێکهاتبوون لەکاتی کاری پیشەیی رۆژنامەنوانی خۆیاندا بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلایەن هێزێکی ئاسایشی سلێمانییەوە بە بێ بوونی هیچ پاساوێک و بڕیارێکی دادگا لەناو بازاڕی سلێمانی دەستگیرکرد". 

دامەزراوەی میدیایی نالیا لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی تیمە رۆژنامەوانییەکەی دەکات و پاراستنی گیان و ژیانیان دەخاتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دامەزراوەی میدیایی نالیا لەساتی درووستبوونیەوە لە ساڵی ٢٠١١ بەردەوام لەژێر هەڕەشەو گوشاری دەسەڵاتدا بووە و چەندین جار رووبەرووی داخستن و سوتانی نوسینگەکانی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بەغدا بووەتەوە و دەیانجار رۆژنامەوانەکانی دەستگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیدا، بەڵام فشارەکانی دەسەڵات بەهێزتری کردووە و بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی هەواڵ بێلایەنانە و بەراستگۆیی و هاوسەنگی و بوێری". 

تا ئێستا تیمی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیچیان بڵاونەکردۆتەوە لەبارەی ئەم تۆمەتبارکردنەی دامەزراوەی نالیاوە بۆ قوباد تاڵەبانی.


PM:02:49:01/08/2022