کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر لەسەر دەستگیرکردنی براکەی لەلایەن ئاسایشەوە هاتە دەنگ

کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر ڕایدەگەیەنێت" داوای ئازادکردنی تەھای برام لە ئاسایش ناکەم، ئەو ئامادەیە باجی بیرو بۆچوونی خۆی بدات". 

كەژاڵ ئەحمەد، ئەمڕۆهەینی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاند" داوای ئازادکردنی تەھای برام لە ئاسایش ناکەم، ئەو ئامادەیە باجی بیرو بۆچوونی خۆی بدات، بەڵام بۆچی لەماڵی ئێمە و لەبەردەم دایکە  نەخۆشەکەمدا دەیگرن؟ ئەی بۆچی ڕێز لە ناو و ناوبانگی کەژاڵ ئەحمەد ناگرن و مۆبایلەکەی دەبەن؟". 

وتیشی" پاسپۆرتی بەریتانی بورھانی برام و منداڵەکانیتان بۆچی بردووە؟ ئاسایش بۆی ھەیە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بەڵام شکاندنی شکۆی رەمزەکانی خەبات و حزبەکەی خۆتان شەرمەزارییە". 

بەپێی زانیاریەکانی (سپی)، لەو دەمەوەی نەوەی نوێ رایانگەیاندووە شەممەی داهاتوو خۆپیشاندان سازدەکەن، تا ئیستا زیاتر لە (١٥) خۆبەخشی دیاری نەوەی نوێ دەستگیرکراون، لە نێویاندا (فاروق غەفور) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵاو هیمداد شاهین وتەبیژی جوڵانەوەکە. 

کەژاڵ ئەحمەد لە ساڵی (١٩٦٧) لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵای کەرکوک لەدایکبووە، لەسەرەتای ھەشتاکاندا چووەتە رێزی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لە ساڵی (١٩٨٧) دەستی بە شیعر نووسین کردووە،  لە ساڵی (١٩٩٢) بووەتە ڕۆژنامەنووس و کاری لە ڕۆژنامەی ئاڵای ئازاد کردووە، بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی فارسی و تورکی. 


PM:03:36:05/08/2022