حەشدی شەعبی پەیامێكی بڵاوكردەوە


دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت "ئامادەین بۆ بەرگریكردن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و پێویستە حكومەتی كاربەڕێكەریش بەرپرسیارێتی دۆخەكە لەئەستۆ بگرێت".
 
دەستەی حەشدی شەعبی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "لە كاتێكدا ئێمە سەرقاڵی ئەركەكانمانین بەنزیكبونەوە لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییە قارەمانەكانی دیكەمان، لەهەمانكاتدا حەشدی شەعبی هەمیشە بە پەرۆشە بۆئەوەی نەبێتە لایەنگری قەیرانی سیاسی ئێستا و بە ئەركی خۆشی دەزانێت كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەرگریكردن لە دەوڵەت لەئەستۆ بگرێت، بۆ ڕێگریكردن لە ڕوخانی پایەكانی و پاراستنی دەستور كە هەموان سوێندیان خواردوە بۆ پابەندبون پێوەی". 

حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەكردوە، "لە نزیكەوە و بە گرنگییەوە چاودێری ئەو پێشهاتە ئازاربەخش و مەترسیدارانە دەكەین كە لە عێراقی خۆشەویستماندا ڕودەدەن، دواینیشیان گەمارۆی سەرچاوەی هێزی وڵاتەكەیە كە ئەنجومەنی باڵای دادوەری نوێنەرایەتی دەكات لەلایەن هەندێك گروپ و لەنێویشیاندا هێزی چەكدار". 

راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "ئامادەین بۆ بەرگریكردن و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كە گەرەنتی بەرژەوەندییەكانی خەڵك دەكەن، بەتایبەتی دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان، و سیستمی سیاسی و دەستوری، داواش لە حكومەتی كاربەڕێكەر دەكەین بەرپرسیارێتی پاراستنی دامەزراوە دەستورییەكانی دەوڵەت بگرێتە ئەستۆ".



PM:10:23:23/08/2022