وته‌بێژی پارتی لەبارەى کاندیدی هاوبەشی سەرۆک کۆمار لەگەڵ یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار دەڵێت" پارتی هیچ كاندیدێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ نییە". 

مه‌حموود محەمه‌د وتەبێژی پارتی، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند" تا ئێستا هیچ كاندیدێكی هاوبه‌شمان نییه‌، كاندیدی ئێمه‌ و ئه‌وان دیاره‌، به‌ڵام گفتوگۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پارتی روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌دات به‌ خه‌ڵكی عێراق، كه‌ ئه‌م كێشه‌ و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و یه‌كدی خوێندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

وتیشی" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازیمان هه‌یه‌، پێویسته‌ دانیشین و باس له‌و جیاوازیانه‌ بكه‌ین و بزانین چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، پارتی له‌ رێی لیژنه‌ی دانووستانییه‌وه‌، ته‌نیا گفتوگۆ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامه‌". 

جەختیشیکردەوە، پێویسته‌ رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی له‌ عێراق بدۆزرێته‌وه‌، نزیكه‌ی ساڵێكه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ زمانێكی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.


PM:06:16:12/09/2022