بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێک دەکوژرێت

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆڵبەرێک بەناوی (رزگار محەمەد زادە) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رزگار محەمەد زادە تەمەنی (٣٦) ساڵ بووە و باوکی دوو منداڵە و خەڵکی شاری سەقزە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە رزگارکردووە و کوشتوویانە، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی (سەعید کەریمی) ئەویش خێزاندار و باوکی منداڵێکە برینداربووە.

باس لەوەشکراوە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی شاری بانە گوازرایەوە و تا ئێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.


PM:07:16:12/09/2022