کچە کوردێک دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە جەڵتە لێیدا

کچێکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران بەهۆی شێوازی جلوبەرگەکەی، جەڵتە لێیدا و پزیشکەکان هیوایان بە چاکبوونەوەی نییە. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا ئەمینی تەمەن (٢٢) ساڵی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران ئەشکەنجەدراوە و بەهۆیەوە جەڵتە لێیداوە و چووەتە کۆما و لە ئێستادا لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.  

بەوتەی کیاڕەش ئەمینی، برای ژینا کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەگەڵیدا بووە، لەگەڵ ژینادا ژمارەیەک ژنی دیکەش دەستگیرکراون، پێیان وتوون کە دەبردرێنە گرتووخانەی کاتی و دوای پێدانی کۆمەڵێک ڕێنمایی لەبارەی شێوازی جلوبەرگ و دەرکەوتنیان لە شوێنی گشتی و وەرگرتنی بەڵێننامەی پابەندبوون بە رێنماییەکانی باڵاپۆشی، ئازادیان دەکەن.   

براکەی ژینا دەڵێت" دوای ئەوەی ژنانی دیکە ئازادکراون، ژینا نەهاتووەتە دەرەوە و هێزەکانی پۆلیس پێیان راگەیاندووە، خوشکەکەی جەڵتە لێیداوە و بردراوەتە نەخۆشخانەی کەسرا". 

بەوتەی یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەکەی، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران لێیدراوە و بەهۆیەوە سەری بە سەختی بریندار بووە، دوای گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیس باری تەندروستیی تێکچووە و بە ئەمبوڵانس گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.  

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.  


PM:07:25:15/09/2022