کچێکی تەمەن (١٧) ساڵان تەقەی لە باڵەخانەی دادگای سەیدسادق کرد

قایمقامی سەیدسادق رایدەگەیەنێت" کچێکی تەمەن (١٧) ساڵان کە خوشکى هێرشبەرەکەى قەزای قەرەداغە بە کڵاشینکۆف تەقەى لە دادگا کردووە". 

دیاری ڕەفیق قائیمقامی قەزای سەیدسادق لە لێدوانێكدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئەو كوڕەی هەفتەی ڕابردوو ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەوە لە بازگەیەكی قەزای قەرەداغ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی خوشكەكەشی تەقەی لە بینای دادگای سەیدسادق كردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕووداوەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێـت.

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، هاوڵاتییەک لە قەزای قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووە و بەهۆیەوە ئەو کوڕە کوژرا و حەوت كەسیش لە هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتییەكیش برینداربوون. 


PM:03:25:16/09/2022